لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا 57 كەس لە ئاوەكانی هەرێمی كوردستاندا خنكاون، هۆكاری سەرەكیی زۆربەی ڕووداوەكانیش بۆ سەرپێچیكردنی ڕێنماییەكان و مەلەكردن لەو شوێنانە دەگەڕێتەوە كە تابلۆی قەدەغەكردنیان لێ دانراوە.
سەركەوت كاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد، بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی ئەمساڵ گیانیان لەدەستداوە، پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییەكان نەبوون. هەروەها بەرگریی شارستانیی سلێمانی داوا دەكات هاونیشتمانیان لەو شوێنانە دووربكەونەوە كە مەلەكردن تیایدا قەدەغەیە.
لە ئێستاشدا گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێكی خنكاوی خەڵكی كەلار لە ناو ئاوی سیرواندا بەردەوامە كە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە نەدۆزراوەتەوە.
بەپێی وتەی لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرەڕای ئەوەی لە زۆربەی شوێنە مەترسیدارەكاندا تابلۆی ڕێنمایی بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دانراون، بەڵام هاونیشتمانیان بەبێ گوێدانە مەترسییەكان، لەو ناوچانەدا مەلە دەكەن كە بەهۆی قووڵی یان تەزووی ئاوەكەوە بۆ مەلەكردن گونجاو نین.