عیراق داوای زیاكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستان دەكات

کوردستان 03:37 PM - 2026/08/09

لەكاتێكدا حكومەتی عیراق بەنیازە داوا لەهەرێمی كوردستان بكات بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكات ،هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركوك لەهێڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 114 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمبووەتەوە.

بەهۆی چاوەڕوانكردنی گەیشتنی نەوتی بەسرە بۆ كەركوك بۆ هەناردەكردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، حكومەتی عیراق بەنیازە داوا لەهەرێمی كوردستان بكات بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكات. بەپێی وتەی لێپرسراوێكی عیراقی، لەچەند رۆژی داهاتوودا بڕیارە نەوتی بەسرە بەتانكەر بگاتە كەركوك و پاشان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەبكرێت.

ئەو لێپرسراوە باسی لەوەشكردووە، هەرێمی كوردستان ئاگاداركراوەتەوە كە دوای گەیشتنی نەوتی بەسرە، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت زیاد بكات، تا هەناردەكردن لە ڕێگەی هێڵی نەوتی هەرێمەوە بگاتە 500 تا 750 هەزار بەرمیلی رۆژانە. لەكاتێكدا مانگی رابردوو ، بەتێكڕا رۆژانە 60 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك و 115 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان رەوانە كراوە.

بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان بۆ خوار 115 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە و هەناردەی نەوت رۆژی شەممە 64 هەزار بەرمیل ورۆژی هەینی 62 هەزار بەرمیل بووە و تائێستاش بەشێك لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەستیان بەكاركردن نەكردووەتەوە، بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی جەنگی ئێران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو