هووی كا یان، ملیاردێری بەناوبانگی چینی و سەرۆكی گرووپی كۆمپانیاكانی چاینا ئێڤەرگراند یەكێك لە دەوڵەمەندە گەورەكانی ئاسیا، سزای بەندكردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سزاكە بەهۆی ئەو گەندەڵی، فێڵ و بڕە پارە دزراوانەیە كە لە لایەن ئەو ملیاردێرە لە كەرتی تایبەت و گشتیدا ئەنجام دراون.
جیا لە سزای هەتاهەتایی، سزای دارایی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار بەسەر گرووپی كۆمپانیاكانیدا سەپێنراوە، لەسەر ئەو تاوانانەی لە دادگادا ڕووبەڕووی كراونەتەوە، دەبێت ئەو ملیاردێرە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار وەكو سزا بدات. هەر لە چوارچێوەی سزاكاندا، دادگای چین دەستی بەسەر سەرجەم مۆڵك و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی (هووی كا یان)دا گرتووە.
سزاكان تەنها ملیاردێرەكەی نەگرتووەتەوە، بەڵكو بەپێی بڕیاری دادگای چین، سزای زیندانیكردن بەسەر 56 كەسی نزیك لە ملیاردێرەكەدا سەپێنراوە، كە بریتین لە دوو كوڕی و ژمارەیەك كەسایەتیی ترو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كۆمپانیاكە.
بە گوێرەی راپۆرتەكانی ئاژانسی رۆیتەرز و بی بی سی، گرووپی كۆمپانیاكانی ئێڤەرگراند خاوەنی 300 ملیار دۆلارە. (هووی كا یان) تەنیا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2020 نزیكەی 80 ملیار دۆلار قازانجی كۆكردووەتەوە.
دادگای چین ئاشكرای كردووە؛ كارەكانی ئەو گرووپ و كۆمپانیایانە زیانی گەورەی لە سیستەمی كۆمەڵایەتی و بازاڕی چین داوە، بە جۆرێك هەندێك كەس بەهۆی كارەكانی ئەو گرووپەوە مایەپووچ بوون.