یەپەشە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و دەچێتە ناو هێزە ئەمنییەكانی عیراق

کوردستان 09:52 AM - 2026/10/26

بڕیارە ئەمڕۆ هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) بە رەسمی هەڵوەشاندنەوە و چوونە ناو هێزە ئەمنییەكانی عیراق رابگەیەنێت. 
ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئەمنی لە بەغدادەوە دەگەنە پارێزگای نەینەوا و سەردانی قەزای شنگال دەكەن. بڕیارە لەوێ هێزەكانی یەپەشە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە رەسمی چوونە نێو چوارچێوەی هێزە ئەمنییەكانی عیراق رابگەیەنن. 

رێوڕەسمەكە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر چیای شنگال و بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاكانی هەردوولا بەڕێوەدەچێت، لەوانە: فەرماندەی فیرقەی 20، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، فەرماندەی رۆژئاوای نەینەوا لەگەڵ فەرماندەكانی یەبەشە و یەژەشە.لە پرۆسەی تێكەڵكردنەكەدا، ئەندامەكانی یەپەشە بەسەر سوپای عیراق، پۆلیسی ناوخۆیی و دەستەی حەشدی شەعبیدا دابەش دەكرێن.

چاوەڕوان دەكرێت دوای رێوڕەسمەكە، هێزە ئەمنییەكانی عیراق و فەرماندەكانی یەپەشە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا تەواوی وردەكاریی رێككەوتنەكە بۆ رای گشتی بخەنەڕوو. 
بە  پێی ئەو زانیاریانەی دەست گەللی كوردستان كەوتووە،كۆی گشتی شەڕڤانەكان  نزیكەی چوار هەزار و 160 شەڕڤانە، شێوازی دابەشكردنی شەڕڤانانی ئەو هێزە بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكاندا، بەم جۆرە دەبێت ،بەشێكیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا وەك حەشدی ئێزدی دەمێننەوە، ژن و كچانی ناو هێزەكەش دەچنە ناو پۆلیسی نەینەوا لە بەشی پۆلیسی ژنان. هاوكات بەپێی خەمڵاندنەكان ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی دەچنە ناو هێزە ئەمنییەكان لەنێوان هەزار و 500 بۆ دوو هەزار شەرڤان دەبێت. بەشێكی تری شەڕڤانەكانیش دەكرێنە پۆلیسی ناوخۆیی و هەندێكی تریشیان چەك دادەنێن و دەگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان. هاوكات ژمارەیەك لە خاڵە ئەمنییەكانی یەپەشە لە چیای شنگال تەسلیمی هێزەكانی سوپای عیراق دەكرێن.

دوای پەلاماری چەكدارانی داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014 و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دژی كوردانی ئێزدی، ئەم هێزە بە هاوكاری و سەرپەرشتیی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە چیای شنگال دامەزرا. ئامانجی سەرەتایی هێزەكە پاراستنی ئەو هەزاران هاووڵاتییە ئێزدییە بوو كە لە چیاكە گەمارۆ درابوون، هاوكات دواتریش بەشداریان  لە ئۆپراسیۆنەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكە لە دەستی داعش.هاوشێوەی ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان، یەپەشە باڵێكی چەكداری تایبەت بە ژنانی ئێزدی بە ناوی (یەپەژە - یەكینەكانی ژنانی شنگال) دروست كرد، بە مەبەستی بەشداریكردنی سەربازیی ژنان لە پاراستنی ناوچەكە و رووبەڕووبوونەوەی داعش.

لە رووی فكرییەوە، یەپەشە باوەڕی بە تێڕوانینەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان هەیە و لەسەر بنەمای چەمكی نەتەوەی دیموكراتیك و شێوازی خۆبەڕێوەبەری كار دەكات. لە پاڵ باڵە چەكدارییەكەشدا، یەپەشە و لایەنگرانی چوارچێوەیەكی ئیداری و مەدەنییان بە ناوی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی شنگال دامەزراندووە كە ئیدارەدانی بەشێك لە كاروباری ناوچەكە بەڕێوە دەبات

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو