قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رایدەگەیەنێت،ئەو وادەیەی حكومەت دیاریكردووە بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانانە لە عیراق نەك كۆكردنەوەی چەك.
قاسم ئەعرەجی لە لێدوانێكدا سەبارەت بە 30 ئەیلول رایگەیاند، ئەو رۆژەی دیاریكراوە دواین وادە نییە بۆ تەسلیمكردنی چەكی گرووپەكان چونكە پڕۆسەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت پێویستی بە كات و گفتوگۆی زیاتر هەیە.
ئەعرەجی دەڵێت رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەگەڵ ئەو گرووپانە هێڵی سوورە و حكومەت دەیەوێت بە گفتوگۆ و گەرەنتی مافەكانیان پڕۆسەكە جێبەجێ بكات. بە وتەی قاسم ئەعرەجی بڕیاری كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێكی ستراتیژیی عیراقییە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێكی دەرەكییەوە نییە،هەر بۆیە حكومەتی عیراق هیچ وادەیەكی دیاریكراوی بۆ كۆتاییهێنان بە پڕۆسەی تەسلیمكردنی چەك دانەناوە و جێبەجێكردنی پێویستی بە كاتی زیاترە.
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئاماژەی بەوە شكرد ،گرووپە چەكدارەكان دوژمنی دەوڵەت نین و بەشێكن لە پێكهاتەی وڵات، بۆیە دەوڵەت دەبێتە گەورەترین پارێزەری مافەكانیان دوای تەسلیمكردنی چەكەكانیان.
سەبارەت بە هێزەكانی هاوپەیمانانیش، ڕایگەیاند كە 30ی ئەیلول تەنیا وادەی دەرچوونی ئەو هێزانەیە لە عیراق. تەئكیدیشی كردەوە لەوەی بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدایە و ڕێگە نادرێت هیچ لایەنێك ئەم سەروەرییە ببەزێنێت، چونكە پێكدادان لەگەڵ گرووپەكان زیان بە سەقامگیریی وڵات دەگەیەنێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە ، پڕۆسەی كۆكردنەوەی چەك لە عیراق پێ ناوەتە قۆناغێكی نوێوەو ژمارەیەك گرووپی چەكدار رەزامەندییان نیشانداوە بۆ تەسلیمكردنی چەكەكانیان، ئەمەش لەپێناو كۆتاییهێنان بە دیاردەی چەكداریی دەرەوەی یاسا و بەهێزكردنی دامەزراوە ئەمنییەرەسمییەكان بۆ پاراستنی سەقامگیری.