دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل بە رەسمی پشتڕاستی كردەوە كە یائیر ناتانیاهۆ، كوڕی گەورەی بنیامین ناتانیاهۆ، بەهۆی هەڕەشەیەكی توند و دەستبەجێ بۆ سەر ژیانی، بەپەلە لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكاوە بۆ ئیسرائیل گەڕێندراوەتەوە و تەنانەت دەرفەتی ئەوەی نەبووە كەلوپەلە تایبەتییەكانیشی لەگەڵ خۆیدا ببات.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەكان، ئاستی مەترسییەكە هێندە بەرزبووە ، فەرمانی پێكراوە دەستبەجێ شوێنەكە چۆڵ بكات بێ ئەوەی جانتا و كەلوپەلەكانی كۆبكاتەوە. هەرچەندە دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل راستەوخۆ ناوی لایەنی هەڕەشەكارەكەی نەهێناوە،بەڵام میدیاكانی ئەمریكا وەك تۆڕی نیوز ماكس ئاشكرایان كردووە كە هەواڵگری ئیسرائیل پیلانێكی سەر بە ئێرانی دۆزیوەتەوە كە تێیدا چەكدارەكان لە شاری میامی چاودێری هاتوچۆ و شوێنی نیشتەجێبوونی یائێریان كردووە. بۆیە ئیسرائیل ناچار بووە سوود لە دوو تیمی ئەمنی تر وەربگرێت كە هاوڕێیەتی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆكی ئیسرائیلیان دەكرد لە نیویۆرك، بۆ ئەوەی پرۆسەی دەربازكردنەكە لە فلۆریداوە سەركەوتوبێت.
پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندبوو ،ئێران هەوڵی تیرۆركردنی یەكێك لە كوڕەكانی داوە، بەڵام لەو كاتەدا ناوی یائیری ئاشكرا نەكردبوو.یائیر ناتانیاهۆی تەمەن 35 ساڵ، لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە لە ئەمریكا دەژیا، كە ئەمەش پێشتر لە ناوخۆی ئیسرائیلدا دەنگدانەوە و رەخنەی زۆری لێكەوتبووەوە بەهۆی تێچووی زۆری پاسەوانیكردنی لەسەر حسابی دەوڵەت.