ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەفتەیەكی پڕ لەلێپرسینەوە و یاسادانان بەڕێوەدەبات كە تێیدا چارەنووسی كورتهێنانی سووتەمەنی لەبەردەم پەرلەمانتاران یەكلادەكرێتەوە و پەرلەمان پڕۆژەیاسای رووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دەخاتە قۆناغی كۆتایی پەسەندكردنەوە.
بەپێی كارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران ،تەواوی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هۆكار و لێكەوتەكانی قەیرانی سووتەمەنی لەسەر هاووڵاتییان تاوتوێدەكرێت و باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوت و تیمی پێشكەوتووی وەزارەت لە هۆڵی پەرلەمان دەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و خستنەڕووی پلان و ڕێكارەكانی حكومەت بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخ و چارەسەركردنی كەمی بەنزین و گاز.
بەپێی خشتەكان، كارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەممەش تایبەت دەبێت بەیەكلاكردنەوەی چوار پڕۆژەیاسا، بەجۆرێك خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەكان دەكرێت، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی ڕێككەوتننامەی گواستنەوەی ئاسمانی نێوان عیراق و نەمسا ئەنجام دەدرێت.
لەهەمان دانیشتندا، پەرلەمانتاران خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای دادنوسانی عیراق و پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دەكەن تا رەوانەی دەنگدانی كۆتایی بكرێن.