توێژینەوەیەك:دەرزییەكانی دابەزاندنی كێش دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ

کوردستان 10:53 AM - 2026/10/14

توێژینەوەیەكی نوێی پزیشكی پەردەی لەسەر كۆمەڵێك كاریگەری لایەنی چاوەڕواننەكراوی دەرزییە بەناوبانگەكانی دابەزاندنی كێش و شەكرە (وەك ئۆزەمپیك، ویگۆڤی، مونجارۆ، و زیباوند) لادا، كە راستەوخۆ كار دەكەنە سەر تەندروستی قژ، پێستی سەر و نینۆكەكان.

ئەم ئەنجامانە لە كاتی كۆنگرەی ساڵانەی ئەكادیمیای ئەوروپی بۆ نەخۆشییەكانی پێست و زاوزێ (2026) خرانەڕوو، تێیدا پزیشكان جیاوازییەكی زۆریان لە نێوان بەكارهێنەرانی ئەم دەرمانانە  و كەسانی ئاساییدا دۆزیەوە.بەپێی توێژینەوەی یەكەم كە بەراوردی لە نێوان 575 بەكارهێنەری ئەم دەرمانانە و هەزار و 329  كەسی ئاساییدا كردووە لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەمریكا، بەڕازیل و مەكسیك، دەركەوتووە كە نزیكەی سەدا 39 ی بەكارهێنەران تووشی كێشەی جیابوونەوەی نینۆك لە گۆشتەكەی ژێری بوونەتەوە، لە كاتێكدا ئەم رێژەیە لەو كەسانەی دەرمانەكەیان بەكارنەهێناوە تەنها سەدا نۆ  بووە.

هەروەها زیاتر لە سەدا 46 ی بەكارهێنەران رەنگی نینۆكەكانیان گۆڕاوە، بە بەراورد بە تەنها سەدا 17 لە كەسانی ئاسایی.توێژینەوەیەكی هاوپێچ نیشانی دەدات كە زیانەكانی ئەم دەرمانانە تەنها لەسەر نینۆك ناوەستن،بەڵكو كاریگەری توندیشیان لەسەر قژ هەیە،نزیكەی سەدا 50 ی بەكارهێنەران تووشی هەڵوەرینی نائاسایی قژ بوونەتەوە و نزیكەی سەدا 42 ی بەكارهێنەران هەستیان بە كەمبوونەوەی قەبارە و چڕی قژیان كردووە.توێژینەوەكان ئەوەشیان خستۆتەڕوو،نیشانەكانی وەك سووربوونەوەی پێستی سەر، خوران و قڵیشانی پێست بە ڕێژەی سێ هێندە زیاتر لە نێوان بەكارهێنەرانی ئەم دەرزیانەدا تۆماركراوە.

پزیشكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هەرچەندە دابەزینی خێرای كێش كاریگەری لەسەر قژ و نینۆك هەیە،بەڵام دەركەوتووە كە ئەم دەرمانانە بە شێوەیەكی راستەوخۆش كار دەكەنە سەر گۆڕانكارییە هۆرمۆنی و هەوكردنەكان.زانایان ئامۆژگاری نەخۆشەكان دەكەن كە لە كاتی بەدیكردنی هەر یەكێك لەم نیشانانە، پێویستە پزیشكی پسپۆڕ ئاگادار بكەنەوە و بە هیچ شێوەیەك بەبێ راوێژی پزیشكی و لەخۆوە دەرمانەكانیان رانەگرن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو