وەزیری گەیاندنی عیراق، دڵنیایی دەدات، ئەگەر بەهۆی گرژییەكانەوە كێبڵەكانی ئینتەرنێت لە گەرووی هورمز بپچڕێن، كاریگەریی گەورە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتی عیراق و هەرێمی كوردستان دروست نابێت.
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دا، ئەگەر جەنگێكی نوێی بەسەردا بسەپێنرێت، هێرش دەكاتە سەر كێبڵەكانی ئینتەرنێت و تۆڕەكانی پەیوەندیكردن لە گەرووی هورمز بۆ ئەوەی وەك كارتێكی فشاری گەورە بەرامبەر بە ئەمریكا و ئیسرائیل بەكاری بهێنێت.
بەڵام مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عیراق، سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت ڕایگەیاندووە، ئەگەر كێبڵەكانی ئینتەرنێت بەهۆی جەنگەوە لە گەرووی هورمز زیانیان پێ بگات و بپچڕێن، كاریگەریی گەورەی لەسەر ئینتەرنێتی عێراق نابێت، چونكە عیراق خاوەنی 11 دەروازەی سنووریی جێگرەوەیە، ئەمەش پێگەی عیراقی وەك ناوەندێكی ستراتیژی بۆ ترانزێتی نێودەوڵەتی بەهێزتر كردووە.
گەرووی هورمز یەكێكە لە گەرووە ستراتیژییەكانی جیهان بۆ گواستنەوەی داتای ئینتەرنێت و بە لایەنی كەمەوە حەوت كێبڵی سەرەكی و گەورەی پێدا تێپەڕ دەبن.
ئەم كێبڵانە جۆرێك زیاتر لە 30%ـی هاتووچۆی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی و نزیكەی 90%ـی داتاكانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا دەگوازنەوە.