ناتانیاهۆ داوای هێرشی بەپەلە بۆ سەر ئێران دەكات و ئەمریكاش گومانی هەیە

عیراق 10:29 AM - 2026/11/24

لەئیسرائیل ناكۆكیی قووڵ لەسەر كاتی هێرشكردنە سەر ئێران دروست بووە و واشنتۆنیش گومانی لە پاڵنەرەكانی ناتانیاهۆ هەیە.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (یەدیعوت ئەحرۆنۆت)ی ئیسرائیلی، ناكۆكیی توند لە نێوان سەركردایەتیی سیاسی و دامەزراوە ئەمنییەكانی ئیسرائیلدا لەبارەی كاتی وەشاندنی گورزێكی سەربازیی نوێ لە ئێران سەریهەڵداوە. ئەم پەرەسەندنەش لە كاتێكدایە، گومانەكانی ئیدارەی ئەمریكا لە هەوڵەكانی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ پەلەكردن لەو هێرشە و بەستنەوەی بە قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەكانییەوە ڕوو لە زیادبوونن.

راپۆرتەكە ئاماژە بە دابەشبوونێكی روون دەكات لە ناو بڕیاربەدەستانی ئیسرائیلدا، بەشێوەیەكی گشتیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیران و رۆمان گۆفمان، سەرۆكی دەزگای مۆساد، پشتگیری لە جووڵەی سەربازیی پێشوەختە و خێرا دژی تاران دەكەن. هەرچەندە لە ناو خودی مۆسادیشدا بۆچوونی جیاواز لەسەر رادەی بەپەلەیی هێرشەكە هەیە. لەلایەكی تریشەوە، سوپای ئیسرائیل بە سەرۆكایەتیی ئەیال زامیر، سەرۆك ئەركانی سوپا، دژی هەر هەنگاوێكی سەربازیی بەپەلەیە. سوپا پێی وایە لە مكاتەدا هیچ هەڕەشەیەكی راستەوخۆ و دەستبەجێ نییە و كاتی پێویست لەبەردەستە بۆ ئامادەكاری لە دۆخێكی باشتردا.

لەسەر ئاستی دەرەوە، ناوەندە ئەمریكییەكان ترسیان لەوە هەیە كە پێداگرییەكەی ناتانیاهۆ تەنها پەیوەندیی بە لایەنی ئەمنییەوە نەبێت، بەڵكو ئامانج لێی دەربازبوون بێت لەو تەنگژە سیاسییەی دوای هەڵبژاردنەكان تێی كەوتووە. بەپێی راپۆرتەكە، واشنتۆن نیگەرانە لەوەی ناتانیاهۆ هێرشەكە لە كاتی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتدا ئەنجام بدات، تاوەكو لە ڕێگەی گۆڕینی ئەولەویەتی ڕای گشتییەوە، پارتەكان ناچار بكات بچنە ناو حكوومەتێكی یەكێتیی نیشتمانی بە سەرۆكایەتیی خۆی.

هاوكات ئەمریكا و ئیسرائیل لەسەر كاتەكەش هاوڕا نین؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هێشتا بڕیاری دەستپێكردنەوەی جەنگی دژی ئێران یەكلایی نەكردووەتەوە و ئاماژەی بە ئەگەری دواخستنی تا مانگی كانوونی دووەمی 2027 كردووە، كە ئەمەش پێچەوانەی خشتە كاتییەكەی ناتانیاهۆیە.

لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، ئاڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆكی لیژنەی دەرەوە و ئاسایش لە كنێست، هۆشداریی داوە لە ئەنجامدانی هەر هێرشێكی تاكلایەنە بەبێ بەشداریی ئەمریكا و رایگەیاندووە، بڕیارێكی لەو شێوەیە بە پاڵنەری كەسی و سیاسی، لێكەوتەی یاسایی مەترسیداری دەبێت.

لەبارەی هەڕەشەكانیش، دامەزراوە ئەمنییەكانی ئیسرائیل هەرچەندە باس لە ئەگەری هەڕەشەی كیمیایی و بایۆلۆجیی ئێران دەكەن، بەڵام بە مەترسییەكی دەستبەجێی نازانن كە پێویست بە ئەنجامدانی هێرش لە ماوەی نزیكدا بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو