محەممەد هەورامی: چەكەكانی ئەمریكا لە كۆگایەكی وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر دانراون

کوردستان 03:32 PM - 2026/05/02

محەمەد هەورامی لێكۆڵەر دەڵێت، ئەو چەكانەی ئەمریكا كە دۆناڵد ترەمپ چەند جارێك باسی كردوون، لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیە،  بەڵكو لای وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لە كۆگایەكن لە شاری هەولێر. 

محەمەد هەورامی لێكۆڵەر، لە میانی چاوپێكەوتنێكی كەناڵ8ـدا ڕەخنەی لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش گرت كە پێویست بوو ڕوونكردنەوەی رەسمیان  لەسەر قسەكانی دۆناڵد ترەمپ هەبوایە، كاتێك وتبووی كوردەكان چەكانیان بۆ خۆیان بردووە. 

هەورامی پێیوایە لەبەر شكۆ و پێگەی كورد، دەبوو وەزارەتی ناوخۆ روونی بكاتەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بەو چەكانە نییە، بەتایبەت كە حكومەتی هەرێم لە سەرەتای ململانێكانی ئەمریكا و ئێران بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندووە.

لەبارەی ئەو رۆژنامەنووسەی كە لە پرسیارێكدا بۆ دۆناڵد ترەمپ، شاری سلێمانی تۆمەتبار كردبوو بە بردنی چەكەكان، محەمەد هەورامی دەڵێت، ئەو پەیامنێرە لە میدیایەكی نزیك لە پارتی كار دەكات و ویستوویەتی سلێمانی ناشیرین بكات.

داواشی كرد ئەو دەزگا میدیاییە سزای پەیامنێرەكەی بدات، چونكە ئەم پرسە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە، نەك كێشەی نێوان شارەكان.

شاری سلێمانیش 2 ملیۆن دانیشتووی هەیە و تەنانەت دەنگدەری پارتیشی تێدایە. محەممەد هەورامی  تەئكیدیشی كردەوە، حكومەتی ئەمریكا باش دەزانێت چەكەكانی لە كوێن، دەزانن كە لە هەولێرە و تەسلیمی وەزارەتی ناوخۆ كراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو