لە سەرەتای ئەمساڵەوە 27 رۆژنامەنووس لەسەرانسەری جیهاندا كوژراون

کوردستان 03:50 PM - 2026/05/02

لە سەرەتای ئەمساڵەوە 27 رۆژنامەنووس لەسەرانسەری جیهاندا كوژراون  بەپێی بەدواداچونێكی رێكخراوی ناحكومی سویسری پرێس ئێمبلێم كەمپەین، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 27 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا كوژراون.  كوشتنی دوو لەسەر سێی ئەو رۆژنامەنووسانەش لە ئەنجامی هەڵمەتە سەربازییەكانی ئیسرائیل بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رێكخراوەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆی 27قوربانی كە لە ماوەی چوار مانگدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تۆماركراون، 17 كەسیان پەیوەندییان بە ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبووە، لەو ژمارەیەش  16 كەسیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە كوژراون، بەجۆرێك نۆ  رۆژنامەنووس لە لوبنان، شەش رۆژنامەنووس لە كەرتی غەززە، یەكێك لە ئێران و یەكێكی تر لە سوریا كوژراون.

رێكخراوەكە باسی لەوەشكردوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا چەند ڕژنامەنووسێك لە دەرەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كوژراون، لەوانەش چوار رۆژنامەنووس لە هەردوو وڵاتی مەكسیك و ڤەنزوێلا، هەروەها رۆژنامەنووسێك لە هەریەكە لە گواتیمالا، بەنگلادیش، سۆماڵ، ئۆگاندا، هیندستان و فلیپین.

كوشتنی رۆژنامەنووسان بە ئامانجگرتنێكی مەترسیداری ئازادیی ڕادەربڕینە بەدەستی دەسەڵاتداران، گرووپە چەكدارەكان یان لایەنە ناكۆكەكان. ئەم تاوانانە زۆرجار بە مەبەستی دەم داخستن، سانسۆركردن، یان شاردنەوەی راستییەكان ئەنجام دەدرێن و لە زۆربەی وڵاتانیشدا بكوژان بەبێ سزا دەمێننەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو