دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، بڕیاری داوە گومرگ لەسەر ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانەی لە یەكێتیی ئەورووپاوە هاوردەی ئەمریكا دەكرێن، زیاد بكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەورووپییەكان پابەندی رێككەوتنی بازرگانیی لەگەڵ واشنتۆن نەبوون.
ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نوسیوێتی، بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم، لەبەرئەوەی یەكێتیی ئەورووپا پابەندی ئەو رێككەوتنە بازرگانییە نابێت كە بەتەواوی لەسەری رێككەوتبووین، باجی گومرگی لەسەر ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانە بۆ 25٪ بەرزدەكەمەوە كە لە ئەورووپاوە دەهێندرێنە ئەمریكا،
سەرۆكی ئەمریكا مەرجێكی بۆ كۆمپانیاكانی ئەورووپا داناوە و دەڵێت: ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانە لەناو كارگەكانی ئەمریكادا بەرهەمبهێنرێن، ئەوا هیچ باجێكیان لێ وەرناگیرێت،ترەمپ باس لەوەش دەكات،ئێستا لە ئەمریكا ژمارەیەكی زۆر كارگەی ئۆتۆمبێل دەكرێنەوە و زیاتر لە 100 ملیار دۆلاریان تێدا وەبەردەهێنرێ، كە ئەمەش لە مێژووی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا ژمارەیەكی پێوانەیییە.
ئەم كارگانەی ترەمپ باسیان دەكات، بڕیارە لەلایەن كرێكارانی ئەمریكییەوە بەڕێوەببرێن و بەم زووانە بكرێنەوە. شارەزایانیش پێیان وایە ئەم هەنگاوەی ترەمپ فشارێكی گەورە دەخاتە سەر كۆمپانیا زەبەلاحەكانی وەك ڤۆڵكسواگن، بی ئێم دەبلیو و مێرسیدس تا وەبەرهێنانەكانیان لە ئەمریكا زیاد بكەن.