غوڵام حسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، تاران بە كراوەیی ماوەتەوە بۆ وتووێژ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام قبوڵ ناكات بە هەڕەشە سیاسەتیی بەسەردا بسەپێنن.
ئێژەیی لەكاتی كۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاندووە، كۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز خۆی لە دانوستانەكان دوور نەخستۆتەوە، بەڵام سەپاندن قبوڵ ناكاتو بە هیچ شێوەیەكیش ئامادە نییە دەستبەرداری بنەما و بەهاكانی بێت لە بەرامبەر دوژمندا، بۆ ئەوەی لە شەڕ دوور بكەوێتەوە یان رێگری لە بەردەوامبوونی بكات، دەشڵێت، بە هیچ شێوەیەك پێشوازی لە شەڕ ناكەن و شەڕیان ناوێت و ناشیانەوێت بەردەوام بێت.
ئێران و ئەمریكا لە پاشخانی راگەیاندنی ئاگربەستێك دوای نزیكەی 40 ڕۆژ لە شەڕ كە لە 28ی شوبات سەریهەڵدا، یەك خولی دانوستانیان ئەنجامدا.
لەو كاتەوە دانوستانەكان وەستان بەهۆی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بۆسەر بەندەرەكانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، لەكاتێكدا ئێران گەرووی ستراتیژی هورمزی تاڕادەیەكی زۆر بە داخراوی هێشتووەتەوە.