ئەمریكا هەزاران سەرباز لە ئەڵمانیا دەكشێنێتەوە

عیراق 11:12 AM - 2026/05/02

دوای هەڕەشەكانی  ترەمپ، پیت هێكسێس وەزیری جەنگی ئەمریكا ناسراو بە پێنتاگۆن فەرمانی  بۆ كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی لە خاكی ئەڵمانیا دەركرد، ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ گرژییە سیاسییەكانی نێوان واشنتۆن و بەرلین لەسەر پرسی ئێران.

شۆن پارنێل وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، وەزیری جەنگ فەرمانی كشانەوەی نزیكەی  پێنج هەزار سەربازی سوپای وڵاتەكەی لە ئەڵمانیا دەركردووە لە ماوەی ساڵێكدا و پێشبینیش دەكەن لە ماوەی شەش مانگ بۆ 12 مانگ پرۆسەی كشانەوەكە كۆتایی بێت. 

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی كشانەوەی هێزەكانی كردبوو. هۆكارەكە بۆ ئەو گرژییانە دەگەڕێتەوە كە لەگەڵ فریدریك مێرز ڕاوێژكاری ئەڵمانیا دروست بووە، بەتایبەت لەسەر پرسی جەنگی ئێران و ململانێ ئەتۆمییەكان.

ڕاوێژكارەكەی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، ئێران لەسەر مێزی دانوستان ئەمریكای زەلیل كردووە. لە بەرامبەردا ترەمپ وەڵامی دایەوە و بۆ نووسی: مێرز وادەزانێت ئاساییە ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام ئەو نازانێت لەسەر چی قسە دەكات.

بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2024، ئەمریكا زیاتر لە 35 هەزار سەربازی لە ناو خاكی ئەڵمانیادا هەیە. ئەڵمانیا بەو وڵاتە ئەوروپییە دادەنرێت كە زۆرترین ژمارەی سەربازی ئەمریكای تێدا جێگیر كراوە، بەڵام گرژییەكانی ئەم دواییە بووەتە هۆی ئەوەی واشنتۆن پێداچوونەوە بە قەبارەی هێزەكانیدا بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو