ئەم هەواڵە بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان و عیراق هەواڵێكی خۆشە، لە چوارچێوەی پاڵپشتییەكانی ئەمریكا بۆ حكومەتی داهاتوو، واشنتۆن دەستیكردەوە بە ناردنی دۆلار بۆ عیراق، هەر دوێنێش بەشێوەی كاش دۆلار گەیشتووەتە بەغدادی پایتەخت، كە ئەمەش كاریگەی لەسەر بەرزبونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەبێت.
دكتۆر مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت، ئەمریكا ناردنی دۆلاری بۆ عیراق دەستیپێكردووەتەوە. ئێستا هیچ شتێك نییە رێگری لە گەشتنی دۆلار بكات، دۆلاری كاش بە هەر كەسێك دەفرۆشرێت، بەتایبەتی گەشتیاران، ئەمەش دوای ئەوەی لەڕێگەی پلاتفۆرمێكی دیجیتاڵی و میكانیزمێكی زۆر رێكخراودا تێدەپەڕێت.
دەشڵێت، پێشتر هۆكاری سەرەكی راگرتنی گواستنەوەی دۆلاری كاش لۆجستی بوو، بەهۆی داخرانی كایەی ئاسمانی عیراقو فڕۆكەخانەكانەوە بوو، بەڵام دوای راگەیاندنی ئاگربەست ئێستا ئاسمان كراوەتەوە و دۆلار لە ئەمریكاوە گەیشتووەتە عیراق.
لای خۆشییەوە نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووری عیراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پاڵپشتی ئەمریكا بۆ حكومەتی داهاتوو، رۆژی یەكی ئایار بارێكی دۆلاری كاش گەیشتە بەغداد. ئەوە لەكاتێكدایە عیراق مانگانە یەك ملیار دۆلار بە دوو وەجبە وەردەگرێت، هەروەك پێشبینی دەكات هاتنی باری كاش ببێتەهۆی بەهێزكردنی بەهای دینار .