راوێژكاری ئابوریی سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاندووە، بەهۆی پەیوەندی نێوان ئابووریی عیراق و بازاڕەكانی نەوتی جیهان، بودجەی ساڵی 2026 دەبێتە یەكێك لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین بودجەكان لە مێژووی نوێی دارایی عیراقدا.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخەی لە گەرووی هورمز دەگوزەرێت، عیراق خۆی لە بەردەم ئاڵنگارییەكی دووسەرەدا دەبینێتەوە، لە لایەكەوە چۆنیەتی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی 2026 لە لایەكی تریشەوە پاراستنی سەقامگیریی دارایی لە ناوخۆی وڵاتدا.
بەوتەی ئەو ڕاوێژكارە، سەرەڕای ململانێكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكان بۆ سەر جووڵەی دەریاوانی و وزە لە گەرووی هورمزدا، لە رووی دەستووری و سیاسییەوە دەرفەتی داڕشتنی بودجەی 2026 لە ئارادایە.
راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەشڵێت، بودجەی ساڵی 2026 دەبێتە یەكێك لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین بودجەكان لە مێژووی دارایی عیراقدا، بەهۆی پەیوەندی نێوان ئابووریی عیراق و بازاڕەكانی نەوتی جیهان.
عیراق هێشتا بە شێوەیەكی نیمچە تەواوەتی بۆ دابینكردنی مووچە، خانەنشینی، چاودێریی كۆمەڵایەتی، خەرجییەكان و پڕۆژەكان پشتبەستووە بە داهاتی نەوت، بۆیە هەر پشێوییەك لە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی كەنداوەوە هەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشار لەسەر سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی دەوڵەت. مەزهەر محەمەد ساڵح وا دەڵێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆر جار بەهۆی قەیرانە جیۆپۆلەتیكییەكان نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزدەبێتەوە، ئەمەش رەنگە بۆ عیراق بەسود بێت و كورتهێنانەكە كەم بكاتەوە و دەرفەتی تێپەڕاندنی بودجەی 2026 بڕەخسێنێت، بە تایبەت ئەگەر ئیدارەی دارایی سەركەوتوو بێت لە بەڕێوەبردنی داهاتە نەوتییەكان و دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ هەناردەكردن