نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی مەترسیدار بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك لە هەندێك شار خەرجی مانگانەی سووتەمەنی یەكسانە بە تەواوی مووچەی فەرمانبەرێك،بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە كۆبونەوەدایە بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخی بەنزین بدۆزێتەوە.
لە پارێزگای دهۆك گرانترین نرخی بەنزین تۆمار كراوە، كە تێیدا لیتری نۆرماڵ بە هەزار و 550 دینار و موحەسەن بە دوو هەزار و 250 دینار و سوپەر بە دوو هەزار و 500 دینارە.لە هەولێریش نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ هەزار و 490 دینارە و موحەسەن بە دوو هەزار و 200 دینار و سوپەر بە دوو هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.پارێزگای سلێمانی نرخەكانی بەراورد بە هەولێر و دهۆك نزمترن، بەجۆرێك نۆرماڵ بە هەزار و 200 دینار و موحەسەن بە هەزار و 750 دینار و سوپەر بە هەزار و 900 دینارە.
لە پارێزگای هەڵەبجەش نۆرماڵ بە هەزار و 350 دینار و موحەسەن بە هەزار و 450 دینار و سوپەر بە هەزار و 550 دینار دەفرۆشرێت. ئەگەر خەرجی مانگانەی شۆفێرێك بۆ 200 لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە دهۆك حساب بكەین دەكاتە 310 هەزار دینار، لەكاتێكدا هەمان بڕ لە سلێمانی 240 هەزار دینارە. دۆخەكە بۆ بەنزینی سوپەر قورسترە؛ لە دهۆك خەرجی مانگانە دەگاتە 500 هەزار دینار، كە ئەم بڕە یەكسانە بە تێكڕای مووچەی زۆربەی فەرمانبەران، لەكاتێكدا هەمان جۆری بەنزین لە هەڵەبجە تەنیا 310 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت.
بەم پێیەش نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە دهۆك یەكسانە بە نرخی یەك لیتر بەنزینی سوپەر لە پارێزگای هەڵەبجە. بۆ ئەم پرسەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە كۆبوونەوەدایە،بۆ تاوتوێی زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان ، بۆ ئەوەی پاڵاوگەكان بتوانن بڕێكی زیاتر بەنزین بخەنە بازاڕ و نرخی بەنزینی بازرگانی داببەزێت. ئەمەش لە كاتێكدا هەر دوێنێ باسم خەزیرە وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، ئامادەییان دەربڕیووە بەنزینی پاڵپشتیكراو بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی داوای 50 هەزار بەرمیل نەوتی كردوەو وتوویانە خۆیان بەنزین دابین دەكەن.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ی تەممووز وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێك دواتریش نرخی بەنزینی موحەسەنی بە هەزار دینار و سووپەری بە هەزار و 200 دینار دیاریكرد، بەڵام جێبەجێ نەكرا و دوای چەند رۆژێك لە كەمیی بەنزین، 28ـی تەممووز بازاڕ ئازادكرا، ئێستا لە تابلۆی نرخی بەنزینخانەكان چەندین نرخی جیاواز دەبینرێت.