ئەمڕۆ یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ)

کوردستان 11:01 AM - 2026/08/25

ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئاب، كە بەرامبەرە بە 12ی رەبیعولئەوەل لە ساڵنامەی كۆچیدا، لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە وڵاتانی ئیسلامی، یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (دروودی خودای لەسەربێت) دەكرێتەوە.

پێغەمبەری ئیسلام ناوی تەواوی محەمەدی كوڕی عەبدوڵای كوڕی عەبدولموتەڵیبە، لە 12ی رەبیعولئەوەلی ساڵی 52ی پێش كۆچی لە دایكبووە " كە بەرامبەرە بە رۆژی 22ی نیسانی ساڵی 571ی زایینی"، یەكێكە لە پێغەمبەران و دوایین دانەیانە كە نێردراوە بۆ مرۆڤایەتی، وەك هەر پێغەمبەرێكی تر لەگەڵ راسپاردنی لەلایەن خوداوە دەستی كردووە بە بانگەشە بۆ ئایینی تاكپەرستی، پەرستنی خودای گەورە و دەستهەڵگرتن لە بتپەرستی، جگەخوداپەرستی. ئەم پێغەمبەرە خوێندەواری نەبووە، بەوە جیادەكرێتەوە دوایین پێغەمبەرە و هیچ كەسێك لەدوای ئەو لەلایەن خوداوە نایەت، پاكترین بونەوەری خودایە و باشترین مرۆڤی مێژووی مرۆڤایەتیی لە هەموو روویەكەوە وەسفدەكرێت، لەگەڵ هاتنی ناویدا موسوڵمانان بە (دروودی خودای لەسەر بێت) رێزی دەگرن و یادی دەكەنەوە.

پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (دروودی خودای لەسەر بێت) كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر موسوڵمانان و بێباوەڕانی دونیاش داناوە موسوڵمانان لەدوای خودای گەورە بە خۆشەویستترین كەسی خۆیانی دەزانن و هەمیشە لە یادیانە، ناوی محەمەد لە بانگ و وتەی رۆژانە و زیكرەكانیان دووبارە دەبێتەوە، لە ساڵیادی لەدایكبوونیشیدا كە بە رۆژی "مەولوود" ناسراوە، ئاهەنگ دەگێڕن، ئەوەش وەك سوپاسێك بۆ ئەوەی بووەتە فریادڕەسیان لەم دونیا، بەو هۆیەشەوە لەم یادەدا لەلایەن موسڵمانانەوە خواردن دابەش دەكرێ و یارمەتی هەژاران دەدرێ.

ئەمڕۆش لە یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خودای لەسەر بێت)، شەقام و مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاڵای رەنگاوڕەنگ و شیرینی بەخشینەوە رازێندراونەتەوە، لە سەرلەبەیانییەوە كەرنەڤاڵە ئایینییەكان لە هەولێر و سلێمانی دەستیانپێكردووە و هەزاران هاووڵاتی لە دەوری مزگەوتە گەورەكان كۆبوونەتەوە بۆ بەشداری لە مەولوودنامە و چالاكییە جیاوازەكان. ئەم یادە سیما و كەشێكی ئایینی تایبەتی بە شارەكان بەخشیوە. لە سلێمانی، جیاواز لە ساڵانی رابردوو یادی لەدایك بوونی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوادی لەسەر بێت) دەكرێتەوە، لە مزگەوتی گەورەی شارەكەش ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ بەرێوەچوونی كەرنەڤاڵێكی گەورەی مەولوود. هەروەها لە مزگەوتەكە خوانی هەشت بۆ دە هەزار كەس ئامادەكراوە و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو