رووداوی دوو بوومەلەرزەكەی مانگی رابردووی ڤەنزوێلا و گیان لەدەستدانی زیاتر لە 6 هەزار كەس چیرۆك و كارەساتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، یەكێكیان گیان لەدەستدانی ژمارەیەك پەنابەرە كە لەناو باڵەخانەیەكدا ئامادەكرابوون بۆ دیپۆرتكردنەوە.
دوای ئەوەی 146 كەس لە ڤەنزوێلاوە رویان لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كردبوو وەك پەنابەر دواتر لەلایەن ئەمریكاوە دەستبەسەركران و دیپۆرتی ڤەنزوێلا كرانەوە.
هاوكات چەند سەعاتێك پێش ئەوەی دوو بوومەلەرزە لە 24 ی حوزەیران ناوچەی كەنار دەریاكانی وێران بكات، ئەو 146 كەسە كە لە ئەمریكا دیپۆرتكرابوونەوە، لە ویلایەتی لاگوایرا دەستبەسەر كران و لەگەڵ گەڕانەوەیان مۆبایل و كەلوپەلەكانیان لێسەندرایەوە و لە باڵەخانەیەكی كۆن دانران كە لەلایەن كارمەندانی هەواڵگرییەوە كۆنترۆڵكرابوو.
لەوبارەیەوە ئۆسوادێلیس نونیز، دایكی دانیال ئەلیخاندرۆ نونیز كە لە كارەساتەكەدا گیانی لەدەستداوە، دەڵێت،كوڕەكەم هیچ پێشینەیەكی تاوانی نەبووە، چ لە ئەمریكا و نە لە ڤەنزوێلا.
وتیشی،دەزانین بومەلەرزەكە ڕووداوێكی سروشتی بووە، بەڵام بۆچی بەبێ كەلوپەلەكانیان لەوێ بوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك دوو بوومەلەرزەكە ڕوویانداوە، دەسەڵات ڕێگرییان لە دەرچوونی دەستگیركراوەكان لە بیناكە كردووە، لەكاتێكدا پلانی چۆڵكردنیان ئامادەنەكردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، داوای قەرەبووكردنەوەی ئەخلاقی و داوای لێبوردن دەكەین، هەروەها دەبێت بزانین بۆچی ئەمەیان كردووە و بۆچی ئەمە بەسەر منداڵەكانماندا هاتووە، لەكاتێكدا خێزانە زیانلێكەوتووەكان بەنیازن سكاڵا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تۆماربكەن.
هەروەها داوای باشتركردنی پرۆتۆكۆڵەكانی دیپۆرتكردنەوەكانی كرد و ڕەخنەی لە نەبوونی زانیاری ورد گرت لەسەر ژمارەی ئەو كەسانەی كە گەڕاونەتەوە ڤەنزوێلا كە لە دوو بوومەلەرزەكە هەم گیانیان لەدەستداوە و ڕزگاریان بووە .
یەكیكی تر لە كەسوكاری قوربانییەكان دەڵێت، حكومەت لە ئەركی چاودێریكردنیدا شكستی هێناوە و دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت.
لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دوو بوومەلەرزە بە هێزی 7.2 و 7.5 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە وڵاتی ڤەنزوێلا روویاندا و زیاتر لە شەش هەزار و 500 كەس گیانیان لەدەستدا.