داتا سەرەتاییەكانی جوڵەی كەشتیوانی ئاشكرایانكرد، رۆژی رابردوو تەنها یەك كەشتیی گواستنەوەی كەرەستەی خاو لە گەرووی هورمز تێپەڕیوە، ئەمەش كەمترین ژمارەیە لە دوای حەوتی ئایاری رابردووەوە.
داتا سەرەتاییەكانی كۆمپانیای "كپلەر" بۆ شیكاری داتاكانی كەشتیوانی ئاشكرایان كردووە، رۆژی دووشەممە تەنها یەك كەشتیی گەورەی غاز لە كەنداوی عومانەوە چووەتە ناو گەرووەكەوە، لەكاتێكدا رۆژی یەكشەممە 6 كەشتی لە جۆرە جیاوازەكان بە گەرووەكەدا تێپەڕیبوون.
زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، پێدەچێت ئەم ژمارانە دواتر بگۆڕێن، چونكە هەندێك لە كەشتییەكان لە كاتی تێپەڕبوونیاندا ئامێرەكانی ناردن و وەرگرتن واتا "سیگناڵ"یان كوژاندووەتەوە.
دوای تێپەڕبوونی نزیكە 6 مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران، وا دەرناكەوێت ململانێكان بەرەو كۆتایی بچن، چونكە واشنتۆن رایگەیاندووە لە رێگەی سزای بێ وێنەوە شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتە دەبڕێت، ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە دژی سزا ئابوورییە بەرفراوانەكانی ئەمریكا دەكات، سكۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، رۆژی دووشەممە، پەردەی لەسەر ئەو رێوشوێنانە لادا كە دەیگرنە بەر، بەڵام نەگەیشتە ئاستی سەپاندنی توندترین سزاكان و رایگەیاند ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران، مەترسی ئەوەیان لەسەرە لە سیستەمی دارایی پشتبەستوو بە دۆلار بێبەش بكرێن.
بێسێنت خۆی بەدوور گرت لە دەستنیشانكردنی ئەو وڵاتانەی كە دەكرێنە ئامانجی ئەم سزایانە یان ئاشكراكردنی كاتی جێبەجێكردنیان، بەڵام وتی مۆڵەتیان پێدەدەن بۆ پابەندبوون بە رێنماییە نوێیەكانەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای نوێی بەسەر 60 كەسایەتی، قەوارە و كەشتیدا راگەیاندووە، بەڵام لیستەكە هیچ كام لە دامەزراوە داراییەكانی چینی تێدا نەبوو كە گومانیان لێدەكرێت ئاسانكاری بۆ بازرگانیی نەوتی ئێران بكەن. پێش راگەیاندنی سزاكان، ئێران هەڕەشەی كردبوو كە لە رێگەی وەڵامدانەوەی سەربازی و پەكخستنی جووڵەی بازرگانییەوە بەرەنگاری هەر رێكارێكی ئابووریی ئەمریكا دەبێتەوە. وەزیری ئابووریی ئێران، عەلی مەدەنی زادە، دوای راگەیاندنی بڕیارەكە وتی، ئێمە لە ئامادەباشی تەواوداین بۆ سزاكانی ئەمریكا.