كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرای دەكات، جێبەجێكردنی راسپاردەكەی عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ بەكارهێنانی كارتی نیشتمانی لەبری كارتی بایۆمەتری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بەبێ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن جێبەجێ ناكرێت.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق راگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عیراق داوا دەكات، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هاووڵاتییان بە كارتی نیشتمانی دەنگ بدەن، نەك تەنها بەكارتی دەنگدانی بایۆمەتری، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم داواكارییە، پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2018ی هەڵبژاردنە، كە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسە هەڵبژاردن، تەئكید لەسەر پشتبەستن بەكارتی دەنگدانی بایۆمەتری دەكاتەوە. بە وتەی جومانە غەلای، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەم دەقە یاساییە هەموار بكاتەوە، تا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگدەران لەبری كارتی دەنگدانی بایۆمەتری، كارتی نیشتمانی بەكاربهێنن. راشیگەیاند، كۆمسیۆن پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی بەهێزە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بۆئەوەی زانیاری و داتای پێویستیان لەسەر كارتی نیشتمانیی پێبدات، تا بتوانن لە سیستەمەكەدا تۆماریان بكەن، چونكە زانیاریی تەواویان لەبەردەستدا نییە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا هاووڵاتییان بتوانن بەكارتی نیشتمانی دەنگ بدەن، لەبری كارتی دەنگدانی بایۆمەتری.