لابردنی سفرەكانی دینار و بەرزبوونەوەی دۆلار ئابووریی عیراق بەرەو كوێ دەبات؟

کوردستان 11:36 AM - 2026/08/26

باس و خواسی لابردنی سێ سفری دیناری عیراقی گەرمە و بەشێكی زۆری خەڵكی روو لە كڕینی دۆلار دەكەن، بۆ ئەوەی دینارەكانیان بفرۆشن، شارەزایان پێشبینی دەكەن، ئەمە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی لەچەند رۆژی داهاتوو بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی زیاتر بەرزببێتەوە.
لە ماوەی رابردوودا، بابەتی گۆڕانكاری لە دراوی عیراقی و لابردنی سێ سفر لەسەر دینار بووەتە یەكێك لە بابەتە هەرە گەرمەكانی ناوەندە ئابووری، سیاسی و رۆژنامەوانییەكان، ئەم پرسە دوای ئەوە هات كە وەزیری پەیوەندییەكانی عیراق ئاماژەی بەوەدا بڕیار دراوە گۆڕانكاری لە دیناردا بكرێت بە ئامانجی گەڕاندنەوەی هەشت ترلیۆن دیناری ونبووی دەوڵەت، سەرەڕای ئەوەی لە رووی زانستییەوە لابردنی سفرەكان پرۆسەیەكی ژمێریاری و تەكنیكییە، بەڵام لە بارودۆخی ئێستای عیراقدا بۆچوونی جیاواز لەسەر كات و ئامانجی راستەقینەی ئەم پڕۆژەیە هەیە.
لە روانگەی بنەما ئابوورییەكانەوە، پرۆسەی لابردنی سێ سفر هەنگاوێكە بۆ ئاسانكاری لە مامەڵە رۆژانەكان، كەمكردنەوەی تێچووی چاپكردن و گواستنەوەی پارەی كاش و رێكخستنەوەی سیستمی نەختینەیی وڵات لەلایەن بانكی ناوەندییەوە.
سەرەڕای ئەم لایەنە تەكنیكییە، شارەزایان پێیان وایە، ئەم دەنگۆیانە لەم كاتەدا زیاتر تاكتیك و هەوڵێكن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی كە لە دەرەوەی بانكی ناوەندی كۆكراونەتەوە یان شاردراونەتەوە.
لابردنی سێ سفری دیناری عیراقی پڕۆژەیەكی ئابوورییە كە دەتوانێت سوودی تەكنیكی هەبێت، بەڵام جێبەجێكردنی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای عیراقدا پێویستی بە وردبینی و لێكۆڵینەوەیەكی هەمەلایەنە هەیە، ئەگەر حكومەت پێش ئەنجامدانی هەر هەنگاوێكی لەم شێوەیە، لێكۆڵینەوەی پێویست ئەنجام نەدات و ژینگەیەكی دارایی سەقامگیر نەڕەخسێنێت، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە قەیرانەكان قوڵتر ببنەوە و ئامانجە چاوەڕوانكراوەكانی بەدی نەیەن.
ئەمەش لەكاتێكدایە بەهۆی ئەو هەواڵانەی كە باس لە لابردنی سێ سفری دیناری عیراقی دەكەن خەڵكێكی زۆر رووی لە كڕینی دۆلار كردووە، شارەزایان دەڵێن ئەمە وا دەكات بەهای دۆلار بەرزببێتەوە و بەهای دینار زیاتر دابەزێت بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو