سەرۆكی كاتیی سوریا بەبۆنەی لادانی ناوی وڵاتەكەی لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی كە پاڵپشتی تیرۆر دەكەن پیرۆزبایی لە گەلی سوریا دەكات، هەروەها سوپاسی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و هەموو ئەو كەسانە دەكات كە لە پاڵ سوریادا وەستان.
بەبۆنەی كۆتاییهاتنی رەسمی قۆناغی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە دیمەشق، وتارێكی ئاراستەی گەلی سوریا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، تێدا رایگەیاند: ئەمڕۆ سوریا پەڵەیەكی رەش لەسەر شانی خۆی لادەبات و بە دەستی خۆی لاپەڕەیەك لە رابردووی پڕ لە ئازاری خۆی دەدڕێنێت، تاوەكو بەرەو ئاسۆی گەشەپێدان، بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوە هەنگاو بنێت.
سەرۆكی كاتیی سوریا لە پەیامەكەیدا پێزانینی خۆی بۆ سەركردایەتیی ئەمریكا و وڵاتانی دۆستی دیمەشق دەربڕی و وتی، سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، دەكەم، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو وڵاتە دۆست و پشتیوانانە دەكەم كە لەم قۆناغەدا لە تەنیشتمان وەستان.
ئەم پەیامەی ئەحمەد شەرع رۆژێك دوای راگەیاندنی بڕیارەكەی واشنتۆن لەبارەی لادانی سوریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیكاری تیرۆر دێت، رۆژی رابردوو واشنتۆن كۆتایی بە پۆلێنكردنێك هێنا كە ماوەی 47 ساڵ بوو پەیڕەوی دەكرد و هاوشانی سنوورداركردنی ئابووریی توند بوو، ئەمەش وەك هەنگاوێكی زیاتر بەرەو بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
هەروەها، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لادانی ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیكاری تیرۆر لەلایەن ئەمریكاوە بە رووداوێكی مێژوویی وەسف دەكات. شەیبانی دەڵێت، ئەم هەنگاوە بەرهەمی ئەو وەرچەرخانەیە كە سوورییەكان خۆیان دروستیان كردووە، هەروەها بەرجەستەكردنی پابەندبوونی دەوڵەتی نوێی سوریایە بە ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.