سكۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا پێشبینی دەكات دوای كۆتاییهاتنی جەنگی ئێران، نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت و رەنگە بگاتە 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، دەشڵێت، ئەو دابەزینە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی داهاتی گرێبەستەكان، كە لەم دواییانەدا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردوو.
وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بلومبێرگ دەڵێت، "ئەم ململانێیەی ئێران تێدەپەڕێنین و پێشبینی دەكەم نرخی نەوت دابەزێت، دوای ئەمە، بڕی خستنەرووی نەوت زۆر زیاد دەبێت لە خواست، رەنگە نرخی نەوتی خاو ببینین بگاتە 50 یان 40 دۆلار، چونكە بڕێكی زۆری بەرهەمهێنانی نوێ دەكەوێتە كار.
ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە زیاتر لە 96 دۆلارو نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تێكساس نزیكەی 92 دۆلار مامەڵەیان پێوەدەكرێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریكا راشیگەیاند: ئەگەر سەیری بكەن، دەبینن رێژەكانی سوود تا ئێستا هیچ كاتێك بەو ئاستە پەیوەندییان بە نرخی نەوتەوە نەبووە. ململانێی ئێران كۆتایی دێت و رێژەی سوود و ئەو بەرزبوونەوە توندەی هەڵئاوسان دادەبەزێت.