خاوەنی كۆمپانیای سپەیس ئێكس ئۆكرانیا بەپێشێلكردنی مەرجەكانی بەكارهێنانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستكردیی ستارلینك تۆمەتبار دەكات و رایدەگەیەنێت، ستارلینك سیستمێكی سڤیلە و بۆ كوشتن نییە، هۆشداریش دەدات كە پەكخستنی ستارلینك دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی دەستبەجێی هێڵەكانی پێشەوەی جەنگی ئۆكرانیا.
ئیلۆن مەسك، خاوەنی كۆمپانیای سپەیس ئێكس، چەند رۆژێك دوای سنوورداركردنی خێرایی خزمەتگوزارییەكە لەسەر پاشخانی گرژییەكان لەگەڵ واشنتۆن، ئۆكرانیای بە پێشێلكردنی مەرجەكانی بەكارهێنانی خزمەتگوزاریی ستارلینك تۆمەتبار كرد.
مەسك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی: مەرجەكانی بەكارهێنانی ستارلینك وەك خۆیان ماونەتەوە؛ ئەوە سیستمێكی سڤیلە و هۆكارێك نییە بۆ كوشتن. هەر پێشێلكارییەك بۆ ئەم مەرجانە دەبێتە هۆی راگرتنی خزمەتگوزارییەكە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، ستارلینك تا ئێستاش بۆ بەرگریی ئۆكرانیا زۆر كارایە، چونكە تاكە سیستمێكە، لانیكەم لەم كاتەدا ناپچڕێت و تێك نادرێت. لە بڵاوكراوەیەكی دیكەدا تەئكیدی كردەوە: ئەگەر ستارلینك پەكبخرێت، هێڵەكانی پێشەوەی جەنگی ئۆكرانیا دەستبەجێ هەرەس دەهێنن.
لە لایەكی دیكەوە، وەزارەتی بەرگریی ئۆكرانیا رۆژی شەممە گەڕانەوەی پەیوەندیی جێگیری ستارلینكی راگەیاند. یەڤگین خەمارا، وەزیری بەرگریی ئۆكرانیا، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد: سیستمەكانی چاودێریی وەزارەتی بەرگری گەڕانەوەی خێرایی ستارلینك/ستارشێڵدیان تۆمار كردووە و خێراییەكە 400 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا تێدەپەڕێنێت و پەیوەندییەكە جێگیرە.
ئۆكرانیا لە چەند رۆژی رابردوودا سكاڵای لەسەر سنوورداركردنی خێرایی وێستگەكانی ستارلینك هەبوو كە لە 160 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا تێپەڕی نەدەكرد، ئەوەش ئاستەنگی بۆ بەكارهێنانی ژمارەیەك درۆن دروست كردبوو.