وتەبێژی حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت،لەڕەشنوسی یاسای بودجەی ساڵی 2027دا زیاتر لە 500هەزار فەرمانبەری گرێبەست و ڕۆژانە لەدامودەزگاكانی دەوڵەتدا دەكرێن بەهەمیشەیی و رێكارەكانیان تەواوكراون.
حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیران، رێكارەكانی بەهەمیشەیی كردنی بۆ زیاتر لە 500 هەزار فەرمانبەری گرێبەست و رۆژانە تەواو كراون و پارەی پێویستیان لەبودجەی 2027دا بۆ تەرخان كراوە، وتیشی، ئەم هەنگاوە لەبەر زیادبونی ژمارەی دانیشتوان و رەخساندنی هەلی كارە بۆ گەنجان.
عەبودی ئاشكراشیكرد، 120 هەزار هەلی كاری نوێ بەشێوەی گرێبەست بڕیاری لێدراوە، بەجۆرێك 50 هەزار هەلیان بۆ دەزگا ئەمنییەكان دەبێت و 70 هەزارەكەی تریش بەسەر وەزارەتەكان و پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت، تەئكیدیشی كردەوە، داواكارییەكان لەرێگەی ماڵپەڕێكی ئەلیكترۆنییەوە وەردەگیرێن تا شەفافیەت و دادپەروەری تێدا بێت.دەشڵێت، بودجەی ساڵی 2027 دوای تاوتوێكردنی لەكۆبونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەنجومەنی وەزیران، رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ پەسەندكردنی، دواتریش بەرەسمی دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری بۆ هەلی كارە نوێیەكان دەكرێتەوە.
ئەم وتانەی عەبودی دوای ئەوە هات ، رۆژی شەممە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاری دا بە بەهەمیشەییكردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و فەرمانبەرانی كرێی رۆژانە لەسەر میلاكی هەمیشەیی، هاوكات بڕیاری دامەزراندنی 120 هەزار پلەی وەزیفیی بە شێوەی گرێبەست لە بودجەی ساڵی 2027دا دەركرد