بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتەكانی هەرێم سنووردار بكات و لایەنە كوردییەكان بە توندی وەڵام دەدەنەوە
بڕیارە نوێیەكانی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و دۆسیەی نەوت، ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدادی خستە قۆناغێكی نوێی گرژییەوە و شەپۆلێكی كاردانەوەی توندی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی لێكەوتەوە، لەكاتێكدا چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە هەنگاوەكان دەكات و داوای گفتوگۆش دەكات.
ڕۆژی سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی لێكۆڵینەوە لە قاچاخچێتیی نەوتی كۆمپانیای نەوتی باكوور، چەندین بڕیاری ڕاگەیاند. دیارترینیان بریتین لە ڕاسپاردنی دەستەی دەروازە سنوورییەكان بۆ وەرگرتنی سەرجەم دەروازەكانی هەرێم و داخستنی دەروازە ناڕەسمییەكان، پابەندكردنی هەرێم بە پێنەدانی مۆڵەتی هەناردەكردنی نەوت تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە، و گرتنەدەستی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین لەلایەن وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزەوە. هەروەها بڕیاردرا بە داخستنی ڕێگا خۆڵەكانی نێوان هەرێم و ئەو پارێزگایانە، دانانی تاقیگەی پشكنین لە بازگەكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك، وردبینی لە پاڵاوگەكانی بازیان و كار، و دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێكی ئەمنی و كارگێڕیی كەركوك و دەروازەكان.
لە یەكەم كاردانەوەدا، یەكێتی و پارتی لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا بڕیارەكانیان بە چاوەڕواننەكراو و دژی دەستوور ناوبرد و تەئكیدیان كردەوە پێشێلكردنی مافەكانی هەرێم هێڵی سوورە و دەبێت دەستوور حەكەم بێت.
لای خۆیەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تەئكیدی لە دانایی، سەروەریی یاسا و چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دەستوور و گفتوگۆی بنیاتنەرەوە كردەوە، هاوكات داوای لێپرسینەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی توندی گەندەڵیی كرد.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشداریدا لە هەوڵی پێشێلكردنی فیدراڵییەت و ڕایگەیاند، ئەگەرچی پشتیوانیی عەلی زەیدیان كردووە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی، بەڵام بڕیاری تاكلایەنە كێشەكان چارەسەر ناكات و هەرێم ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری.
لەلایەن خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەكی قوڵەوە راگەیەندراوەكەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراقمان بیست، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەردەوامە.
وتیشی، ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە زمانێكی سەربازی رەت دەكەینەوە. ئەزموون سەلماندوویەتی كە ئەم شێوازە هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات و لە بەرژەوەندیی عیراق و هیچ لایەنێكدا نییە.
نێچیرڤان بارزانی تەئكید دەكاتەوە، پەیوەندیی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەكانی هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی هاوبەشی و لێكگەیشتن بێت.
لە بەرامبەردا، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی خۆی بۆ بنبڕكردنی قاچاخچێتی و پتەوكردنی سەروەریی یاسا دەربڕی، بەڵام تەئكیدیشی كردەوە دەروازە و سامانە سروشتییەكان بەپێی دەستوور بەڕێوەببرێن و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.