نێچیرڤان بارزانی: ئاخاوتن بە زمانی سەربازیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕەتدەكەینەوە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاخاوتن بە زمانی سەربازیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕەتدەكاتەوە، دەشڵێت، بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەكی قوڵەوە ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراقی بیستووە.
لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەكی قوڵەوە ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراقمان بیست، ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە زمانێكی سەربازی ڕەت دەكەینەوە.
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی لە بنیاتنانی عیراقی نوێ و داڕشتنی دەستوورەكەیدا، وێڕای پشتیوانی لە پاراستنی سامانە نیشتمانییەكان و جێبەجێكردنی یاسا، تەئكید دەكاتەوە كە پەیوەندیی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەكانی هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی هاوبەشی و لێكگەیشتن بێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا باسی لەوەكردووە، لەم قۆناغە هەستیارەدا، تەئكید لە گرنگیی تەبایی و یەكڕیزیی كوردستانی دەكەینەوە، داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق دەكەین بە دانایی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بكەن، هێز و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، هێز و سەقامگیریی عیراقە و ڕێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵی، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشمانە.