مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: لەمێژووی گەلەكەماندا ژنان و كچانی كوردستان بەوپەڕی ئازادی و سەرفرازییەوە ڕۆڵیان لە خزمەتکردنی کۆمەڵ و وڵاتدا بینیوە.
دەقی پەیامەکە:
لەم بۆنە جیهانیەدا كە بۆ نەهێشتنی گشت جۆرەكانی توند و تیژی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچێت، وەک هەمیشە تەئكید لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكانمان دەكەینەوە لەپێناو پاراستن و پشتگیری كردنی زیاتر لە ماف و داواكاریەكانی گشت ژنانی كوردستان، تاوەکو لە ژینگەی کار و کایەی بەشداری گشتیدا پارێزراوتر بن و دەرفەتی زیاتریان لەخستنە گەڕی تواناکانیاندا بۆ فەراهەم ببێت.
لەمێژووی گەلەكەماندا، بە شاهیدی گەڕیدە و رۆژهەڵهاتناسان ژنان و كچانی كوردستان بەوپەڕی ئازادی و سەرفرازییەوە رۆڵیان لە گشت كایەكانی خزمەتکردنی کۆمەڵ و وڵاتدا بینیوە، بۆیە بە رەوینەوەی یەكجارەكی حاڵەتەكانی هەراسانكردن و هەر جۆرە توندوتیژییەك لەدژیان، لەڕێی یاسا و رێکارە پێویستەکانی فەزای کۆمەڵایەتی و پایەدارکردنی بنەماکانی ماف و یەکسانی دەتوانرێت گەشەی زیاتر بەو رۆڵە سەنگینەیان بدرێت.
دووبارە سەركەوتن بۆ خەباتی ژنان و پاراستنی مافەكانیان دەخوازین.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان