.
05:36 PM - 07/09/2020
سەرۆک کۆمار د.بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٩/٧ لە کۆشكی بەغداد پێشوازیکرد لە ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق.
لەو دیدارەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پشتیوانیکردنی هەوڵەکان و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکان بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی ئێزیدی و ناوچەکانی دەوروبەری نەینەوا و کارکردن لەسەر کۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان لە وڵاتدا، ھاوکات جەختیکردەوە لەگرنگی دابینکردنی ژیانێکی شایستە و گونجاو لە ناوچەکانیان دوای گەڕانەوەیان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پێشهاتەکانی دۆخی تەندروستی و رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و چارەسەری کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە ئەستۆی گرتووە لەگەڵ دەستەکانی دیکە تاوتوێکرد، کە پەیوەستە بە کامپی ئاوارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هەروەها ئاماژەیکرد بۆ گرنگی پەرەپێدانی کامپی پەنابەران لە ئێستادا و کارئاسانیکردن بۆ تەواوی رێوشوێنەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
لە کۆتاییدا سەرۆک کۆمار گوێی بۆ پلانی کاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کرت، بۆ ئاگاداری لە دۆخی خانەوادە ئاوارەکان، ھەروەھا ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، ھاوکات جەختیشیکردەوە لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵەکان لە پێناو داخستنی دۆسیەی پەنابەران و فەراهەمکردنی ژیانێکی ئاسایش و ئارام بۆ ئاوارەکان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە