دانەغاز: پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر دەستیپێكردەوە

کوردستان 10:00 AM - 2026/04/13

دوای چەند هەفتەیەك لە راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر  بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە و دروستبوونی قەیرانی غاز ،دواجار لەئەمڕۆوە كێڵگەكە گەڕایەوە سەر كار و پرۆسەی بەرهەمهێنان دەستیپێكردەوە.

كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی بڵاویكردووەتەوە، لە ئەمڕۆوە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووەتەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت كە لە چەند هەفتەی رابردوودا كۆمپانیاكە بەهۆی بارودۆخی ناوچەكەوە كارەكانی راگرتبوو، بەڵام ئێستا رێكارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە تەواو بوون و كێڵگەكە گەڕاوەتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی.

كۆمپانیا ئیماراتییەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكان هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە حكومییەكان كراوە تا پڕۆسەكە بە سەلامەتی بەڕێوە بچێت.

تەئكیدیش كراوەتەوە لەوەی،لەم قۆناغە و لە داهاتووشدا، پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و كارمەندەكانیان وەك كاری هەرە لەپێشینەی كۆمپانیاكە دەمێنێتەوە.

لەگەڵ دەستپێكی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، كۆمپانیای دانەغاز بە مەبەستی پاراستنی دامەزراوەكانی، بەرهەمهێنانی لە كێڵگەی كۆرمۆر راگرت كە دەكەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ.

ئەم راگرتنە بووە هۆی دروستبوونی گرفتێكی گەورە بۆ كارەبای نیشتمانی و دابینكردنی بڕی پێویستی غازی ماڵان، بەجۆرێك نرخی هەر بوتڵێك غاز لە بازاڕەكاندا 3 تا 4 هێندە بەرز بووەوە و بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروست كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو