بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەكە لە كێبڕكێدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریكا و ئێران بۆ سەر مێزی دانوستاندن، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆكانی ئیسلامئاباد بە بێ گەیشتن بە رێككەوتن كۆتاییان هات. بەرپرسێكی ئەمریكیش هەواڵی خۆشی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست پێیە و دەڵێت، ئەگەر هەیە خولێكی تری دانوستان دەستپێبكاتەوە.
سەرەڕای لێدوانە توندەكانی تاران و واشنتۆن دوای كۆبوونەوەكەیان لە ئیسلام ئاباد، بەرپرسانی ناوچەكە كە ئاگاداری وردەكارییەكانن، بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان وتووە، دەرگای دیبلۆماسی هێشتا دانەخراوە،رەنگە خولێكی تری گفتوگۆكان لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێبكاتەوە. هاوكات، وڵاتانی نێوەندگیر خەریكی فشارن بۆ درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەستە 14 رۆژییەكە كە هەشتی ئەم مانگە راگەیەندرا.
گفتوگۆكانی ئیسلامئاباد، كە بەرزترین ئاستی دیداری رووبەڕووی نێوان واشنتۆن و تاران بوون لە ساڵی 1979ـەوە، لە سەر سێ خاڵی سەرەكی شكستی هێنا،ئەمریكا داوای كردنەوەی تەواوەتی و بێ بەرامبەری گەرووی هورمز دەكات، بەڵام ئێران دەیەوێت باج لە كەشتییەكان وەربگرێت.
چارەنووسی كۆگا گەورەكانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، كە ئەمریكا داوای گواستنەوەیان بۆ دەرەوە دەكات.
هاوكات پارە بلۆككراوەكان یەكێك بوو لە خاڵە ناكۆكەكان، تاران داوای ئازادكردنی 27 ملیار دۆلار لە داهاتە نەوتییەكانی دەكات كە لە بانكەكانی دەرەوەدا سڕكراون.
بەپێی راپۆرتەكان، وەفدی ئێرانی چەند پێشنیارێكی خستووەتە روو، لەوانە كەمكردنەوەی بڕی یۆرانیۆمە پیتێنراوەكە یان بەردەوامبوون لە پیتاندن بە بڕێكی زۆر كەم ، بەڵام تائێستا لایەنی ئەمریكی بە سەرۆكایەتیی جەی دی ڤانس جێگری ترەمپ هیچ كام لەو پێشنیارانەی وەك سازش قبووڵ نەكردووە.
ئێستا جیهان چاوەڕێی ئەوە دەكات ئایا وڵاتانی وەك پاكستان، توركیا و میسر دەتوانن لە چەند سەعاتی داهاتوودا هەردوولا رازی بكەن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەرلەوەی مۆڵەتی ئاگربەستە كاتییەكە تەواو بێت و ناوچەكە دووبارە بكەوێتەوە ناو شەپۆلێكی نوێی بۆردوومان، یاخود نا.