مانگی رابردوو داهاتی نەوتی عیراق نزیكەی دوو ملیار دۆلار بووە

عیراق 11:50 AM - 2026/04/13

هەرچەندە مانگی رابردوو بەهۆی جەنگی ئێران و داخرانی گەرووی هورمزەوە هەناردەكردنی نەوتی عیراق كەم ببۆیەوە ، بەڵام وەزارەتی نەوت  ئامارە رەسمییەكانی هەناردە و داهاتی ئەو مانگەی بڵاوكردەوە، كە تێیدا پشكی هەرێمی كوردستان و كێڵگەكانی كەركووك و باشوور بە وردی دیاری كراوە.

وەزارەتەكە لەنوێترین راگەیەندراویدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕی هەناردەی نەوتی عیراق لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە نزیكەی  18 ملیۆن و 605  هەزار بەرمیل. بەپێی ئامارەكان، كۆی گشتیی داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە بریتی بووە لە یەك ملیار و 957 ملیۆن  دۆلار.

بەپێی داتاكان بڕی 14 ملیۆن و 561 هەزار   بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هەناردە كراوە. هاوكات لەم ئامارەدا پشكی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی رابردوو دیاری كراوە، كە بڕی یەك ملیۆن و 271 هەزار  بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە.

سەبارەت بە كێڵگەكانی كەركوك وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە ،لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، بڕی دوو ملیۆن و 772  هەزار  بەرمیل نەوتی كەركوك رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كراوە. ئەم ئامارانە نیشاندەری بەردەوامیی پڕۆسەی هەناردەكردنن لە سەرجەم دەروازە و كێڵگە جیاوازەكانی وڵاتدا.




بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو