ئۆنسەیەك زێڕ 4800 دۆلاری تێپەڕاند

عیراق 09:56 AM - 2026/04/15

بەردەوامیی گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و دابەزینی بەهای دۆلارو نەوت، كاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بازاڕی كانزا گرانبەهاكان هەبووە و نرخی زێڕ لەهەرێمی كوردستانیش بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

هەوڵە دیبلۆماسییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران فشارەكانی هەڵاوسانی خاوكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و زیو. نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتووەتە چوار هەزار و 820 دۆلار و نرخی یەك ئۆنسە زیویش گەیشتووەتە نزیكەی 80 دۆلار.

ئەم گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە كە سەرچاوە ئاگادارەكان باس لە نزیكبوونەوەی هەردوو وڵات دەكەن بۆ ئەنجامدانی خولێكی تری دانوستان.هاوكات نرخی نەوت لە خوار 100 دۆلارەوە جێگیر بووە و پێنوێنی دۆلار بە ڕێژەی 0.3% دابەزیوە. دابەزینی نرخی وزە یارمەتیدەر بووە بۆ كەمكردنەوەی هەڵاوسان، ئەمەش هێزی زیاتری بە نرخی زێڕ بەخشیوە لە بازاڕە جیهانییەكاندا.

هاوتەریب لەگەڵ بۆرسەی جیهانی، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە  21 بەنزیكەی  یەك ملیۆن و 50 هەزار  دیناری تێپەڕاندووە.

لەسەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە لە 28ی شوبات، زێڕ بەڕێژەی نزیكەی 8% دابەزیبوو، چونكە جەنگ ڕێژەی هەڵاوسان و نرخی وزەی بەرزكردەوە. لەو ماوەیەدا بازرگانان ناچار بوون زێڕەكانیان بفرۆشن و وەك بەرگرییەك بۆ پڕكردنەوەی زیانی پشكەكانیان بەكاریبهێنن. بەڵام لەگەڵ دروستبوونی ئاسۆی دیبلۆماسی، زێڕ پێگەی خۆی وەك پەناگەیەكی سەلامەت بۆ وەبەرهێنەران بەدەستهێناوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو