عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، رێگە بە هیچ قەوارەیەك نادەن خاوەنی چەك بێت لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، دەشڵێت رۆژی چواری حوزەیران پێنج گرووپ چەكەكانیان دادەنێن.
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق تەواوبوونی پلانی تایبەت بە كۆكردنەوەی چەكی لە سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانی شیعە راگەیاند، ئاماژەی بەوەشدا، بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات، چەكەكانی تەسلیمی دەوڵەت دەكات.
زەیدی لە میانی دیدارێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك رۆژنامەنوس،ڕایگەیاند، حكومەت رێگە بە هیچ قەوارەیەك نادات خاوەنی چەك بێت لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، چەك و بەكارهێنانی هێز تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت.
ئەوە لەكاتێكدایە، میدیا عیراقیەكان ئاماژە بەوە دەكەن، پێنج گروپی چەكدار بە نیازن لە رۆژی چواری حوزەیراندا دەست بە رادەستكردنی چەكەكانیان بكەن، لە هەنگاوێكدا كە تا ئێستاش وردەكاری و میكانیزمەكانی ناڕوونە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا ئەو لیژنە هاوبەشەی پێكهێنراوە بە ڕەسمی رانەگەیەنراوە، جگە لەوەی وردەكاری پرۆگرامی حكومەت بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت نادیارە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، پلانەكە داماڵینی چەكی قورس و مامناوەند و رێكخستنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، كە هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكاری پێشبینیكراوەكان لە دەزگا ئەمنییە هەستیارەكاندا، كە رەنگە دەزگای هەواڵگریش بگرێتەوە