قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە رانییە سەردانی مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەلایەن حەیدەر سەعید، بەرپرسی مەڵبەند و ئەندامانی مەڵبەندەوە پێشوازی لێ کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە(31/5/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتییەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەڵبەند و هەموو کادران و هەڤاڵان و جەماوەری یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین کرد و رایگەیاند خەڵکی تێکۆشەری دەڤەری راپەڕین هەر لە یەکەم رۆژەکانی خەباتی یەکێتییەوە پشتوپەنای یەکێتی بوون، هەربۆیە دەبێت مەڵبەندی راپەڕین لەم قۆناغە نوێیەی یەکێتیشدا پەیوەندیی نێوان یەکێتی و خەڵک بە شێوەیەک رێک بخاتەوە کە هەموو چین و توێژەکان مەڵبەند بە ماڵی خۆیان بزانن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بە پێگەی ئێستای یەکێتی کرد و رایگەیاند یەکێتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەردەوام لە گەشەسەندن و بەهێزبووندایە و ئێستا چ لە بەغدا و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بە رێزێکی زۆرەوە حیساب بۆ سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت و وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکان سەیر دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند دەبێت مەڵبەندی راپەڕین و هەموو دامەزراوەکانی یەکێتی شێوازی کارکردنی خۆیان لەگەڵ ئەم دۆخ و پێگە نوێیەی یەکێتیدا بگونجێنن و پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک بە جۆرێک رێک بخەنەوە کە هەمووان یەکێتی بە هێزی خۆیان بزانن.