هێڵی ئاسمانیی عیراق ئامادەكارییەكانی بۆ گەڕانەوەی حاجییان لە وڵاتی سعودیە تەواو كردووە و، سبەینێ رۆژی دووشەممە یەكەم گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی میوانانی خودا بەرەو فڕۆكەخانەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.
كۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا،دەستپێكی گەڕانەوەی یەكەم كاروانی حاجییانی لە وڵاتی سعودیەوە دیاریكرد و رایگەیاند،لەسەر بڕیاری وەزیری گواستنەوە، ئامادەكارییان بۆ گەڕانەوەی حاجییان دەستپێكردووە و بڕیارە سبەینێ یەكەم كاروان بگەڕێننەوە بۆ عیراق.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، حاجییان لە فڕۆكەخانەكانی مەدینە، جەدە و تائیفەوە دەگوازنەوە بۆ فڕۆكەخانەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیەندراوەكە،ژمارەی ئەو حاجییانەی لەڕێگەی گەشتی ئاسمانییەوە دەهێنرێنەوە 23 هەزار حاجییە، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ دەستەی حەج و عومرە و دەسەڵاتدارانی سعودیە كردووە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی گەڕانەوەیان.