ئاستی ئاوی فورات نزیكەی 70سم بەرزبووەتەوە

عیراق 11:34 AM - 2026/05/31

بەهۆی بەردانەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە،ئاستی ئاوی رووباری فورات لە پارێزگای ئەنبار نزیكەی 70 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراقیش دەڵێت، لەچركەیەكدا 700 مەتر سێجا ئاو لە سوریاوە دەگاتە عیراق و هیچ مەترسییەكی لافاو لە ئارادا نییە.

توركی مەحلاوی قائیمقامی قەزای قائیم راگەیاند: ئاستی ئاوی رووباری فورات نزیكەی 70 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، بەڵام دۆخەكە بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵدایە و تا ئێستا هیچ مەترسییەك دروست نەبووە.قایمقامی قائیم ئاماژەی بەوەش كرد، رێكاری تووندی پێشوەختە گیراوەتەبەر و لەو شوێنانەی كە ئەگەری لافاویان لێدەكرێت یان زەوییەكانیان نزم و لاوازن، بەربەستی خۆڵیان بۆ دروستكراوە بۆ رێگری لە هەر رووداوێكی نەخوازراو.

هاوكات موسەنا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق ، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەكارییەكان سەردانی بەنداوی حەدیسەی كردوو رایگەیاند: ئەو بڕە ئاوەی ئێستا لە سنوورەكانەوە دەگاتە عیراق، 700 مەتر سێجایە لە چركەیەكدا، ئەمەش رێژەیەكی قبووڵكراوە و لە چوارچێوەی ئاستی ئاساییدایە.

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق تەئكیدیشی كردەوە لەوەی، وەزارەتەكەی پلانی هەیە ئەم زیادبوونەی ئاو بقۆزێتەوە و وتی: هەوڵدەدەن بڕێكی باشی ئەم ئاوە لە بەنداوی حەدیسە كۆگا بكەن، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو كورتهێنانە گەورەیە بكەینەوە كە لە ساڵانی رابردوودا لە خەزێنی ئاوی وڵاتدا هەبووە.

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی فورات لە كاتێكدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی زیادبوونی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوەكانی توركیاوە، ناوچە گەشتیاری و كشتوكاڵییەكانی قەراغ رووبارەكە لە سوریا رووبەڕووی بەرزبوونەوەی كتوپڕی ئاستی ئاو ببوونەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو