تەڵەی سناپچات و دەنگی ساختە؛ چۆن 17 هەزار دۆلار لە هاووڵاتییەك سەندرا؟

کوردستان 11:21 AM - 2026/07/19

 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پەردە لەسەر فێڵێكی مەترسیداری زیرەكی دەستكرد لادەبات. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕینی بەڕێوەبەرایەتیان تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە، كە بەفێڵ لەتۆڕی كۆمەڵایەتی سناپ چات 17 هەزار دۆلاری  لە هاووڵاتییەك وەرگرتووە.

 چیرۆكی رووداوەكە بەم شێویەیە، سەرەتا هەموو شتێك وەك چیرۆكێكی خۆشەویستیی مۆدێرن لە پشت شاشەی مۆبایلێكەوە دەستی پێكرد، بەڵام لە كۆتاییدا ئاشكرا بوو كە تەڵەیەكی گەورەی فێڵكردنە وزیانی 17 هەزار دۆلار (زیاتر لە 26 ملیۆن دینار)ی لە هاووڵاتییەكی ئەم هەرێمە دا.

چیرۆكەكە كاتێك دەستی پێكرد كە هاووڵاتییەك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی سناپچات ئاشنای ئەكاونتێك بوو كە بە ناوی كچێكەوە كرابووەوە. خاوەنی ئەكاونتەكە نەك هەر وەك كچێك خۆی نیشان دەدا، بەڵكو تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی "زیرەكی دەستكرد"ی بەكاردەهێنا بۆ گۆڕینی دەنگی خۆی بۆ دەنگێكی كچانەی تەواو سروشتی لە كاتی پەیوەندییەكاندا.

قوربانییەكە بەبێ ئەوەی بزانێت لە پشت ئەو دەنگە ناسكەوە پیاوێك و داوێكی فێڵكردن خۆی حەشار دراوە، دەكەوێتە داوی پەیوەندییەكی خۆشەویستیی ساختەوە. داواكارییەكانی "كچە خەیاڵییەكە" بۆ پارە ناردن بەردەوام دەبن، تا ئەو كاتەی قوربانییەكە 17 هەزار دۆلاری ئەمریكی بۆ دەنێرێت.

دوای ئەوەی قوربانییەكە درك بەوە دەكات كە كەوتووەتە داوی فێڵێكی گەورەوە، بڕیار دەدات بێدەنگ نەبێت و دەستبەجێ لە بنكەی پۆلیس سكاڵای یاسایی تۆمار دەكات.

دوای وەرگرتنی رەزامەندی و بڕیاری دادوەر، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین-ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئۆپراسیۆنێكی خێرا و وردی لێكۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی خاوەنی راستەقینەی ئەكاونتەكە دەستپێكرد. پۆلیس توانی ناسنامەی تۆمەتبارەكە ئاشكرا بكات كە پیاوێك بوو، نەك كچ و لە رێگەی پلانێكی تۆكمەوە ئەو تۆمەتبارە دەستگیركرا.

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت تۆمەتبارەكە ئێستا دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و بەدەلالەتی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عیراقی (تایبەت بە فێڵكردن) بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

ئەم رووداوە وەك زەنگێكی مەترسییە بۆ بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە چیتر متمانە بە دەنگ و رەنگە ساختەكانی پشت شاشەكان نەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو