مەزهەر محەمەد ساڵح: قەرزی حكومەت 47٪ی كۆی داهات پێكدەهێنێت

کوردستان 02:07 PM - 2026/07/22

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت، كۆی قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی سەر حكومەت یەكسانە بە نزیكەی نیوەی داهاتی وڵاتەكە، باسیش لەوە دەكات  حكومەت كار بۆ دامەزراندنی هەژمارێكی نوێی وزە و گەشەپێدان دەكات.

مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق  لە لێدوانێكدا راگەیاند، گەورەترین كێشەی بەردەم بونیاتی ئابووریی عیراق، پشتبەستنی زۆرە بە نەوت و لاوازیی كەرتە بەرهەمهێنەرەكانی تر و بەرزبوونەوەی خەرجییە كارگێڕییەكان.سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە،  ئەو راوێژكارەی زەیدی رایگەیاند،حكومەت لە رێگەی بەرنامەكەیەوە كار بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات دەكات، بەتایبەت لە كەرتەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ و خزمەتگوزاری، هەروەها چاكسازی لە سیستمی باج، گومرگ و كەرتی بانكی دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی ئابووریی عیراق بەرگەی هەر شۆكێكی دەرەكی بگرێت.سەبارەت بە قەبارەی قەرزەكانی سەر عیراق، راوێژكارەكەی سەرۆكوەزیرانی عیراق  باسی لەوەكردووە،بەپێی دوایین داتا رەسمییەكان، كۆی قەرزی حكومەت نزیكەی 47٪ـی كۆی داهاتی ناوخۆیی وڵات پێكدەهێنێت.

بەوتەی مەزهەر محەممەد، قەرزی ناوخۆیی پشكی شێری هەیە، بەڵام قەرزی دەرەكی بەراورد بە ساڵانی سەرەتای دوای 2003 بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و گەیشتووەتە تەنیا 21٪ـی كۆی داهاتی ناوخۆیی.

ئاماژەی بەوە شكرد، نەوت هێشتا 88٪ بۆ 90٪ـی داهاتی بودجە پێكدەهێنێت، بۆیە كاردەكەن بۆ بەدیجیتاڵكردنی سیستمی باج و گومرگ بۆ رێگری لە دزەپێكردن و سپیكردنەوەی پارە.راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عیراق  ئەوەشی ئاشكراكرد،كە ئاراستەیەك هەیە بۆ دامەزراندنی (هەژماری وزە و گەشەپێدان) ئەمەش لە رێگەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل بۆ گۆڕینی سەرمایەی نەوتی بۆ پڕۆژەی ژێرخان، كە بە وتەی ئەو راوێژكارە، بیرۆكەكە دوای سەردانەكەی سەرۆكوەزیران بۆ واشنتۆن دێت، كە تێیدا 48 رێككەوتن و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن ئیمزا كران بۆ بونیادنانەوەی پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ ئەمریكا و بوژاندنەوەی ئابووریی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو