عومان و ئێران پرسی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان تاووتوێ دەكەن

عیراق 10:19 AM - 2026/08/22

بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عیراقچی، هاوتا ئێرانییەكەی ئەنجامدا، لە پەیوەندییەكەدا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و پرسی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەكان تاوتوێكران.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی عومان، بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عیراقچی، هاوتا ئێرانییەكەی، رێگەكانی رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و دانوستان، هەروەها پەرەسەندنەكانی كەشتیوانی لە گەرووی هورمیان تاوتوێ كردووە، هەروەها تەئكیدیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی لێكتێگەیشتنەكان كردووەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەیی كە پشتگیری لە ئازادیی كەشتیوانی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە بكات.

ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەكی چالاكی عومماندایە لە نێوان تاران و واشنتۆن، كە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمزە، دوای ئەوەی بەهۆی ئەو جەنگەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە هەڵگیرساوە، داخرابوو.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، وەزیرانی هەردوو وڵات چەندین جار گفتوگۆی هاوشێوەیان سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی و رێوشوێنە كاتییەكانی بەڕێوەبردنی گەرووەكە ئەنجامداوە، لەم دواییانەدا ئێران گەشبینیی خۆی نیشانداوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ عوممان سەبارەت بە نەخشەڕێگەی جوڵەی كەشتیوانی لە گەرووەكەدا، هاوكات وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوە كردووە، هەر چارەسەرێكی بەردەوام بۆ قەیرانی گەرووەكە بەبێ چارەسەركردنی ریشەیی كێشەكان، كارێكی ئەستەم دەبێت.

هاوكات وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێكدا وەڵامی هەرەشەی لێپرسراوانی ئەمریكای داوەتەوە كە باس لەوە دەكەنن گەورەترین ئۆپراسینۆنی ئابووری دژ بە ئێران ئەنجام دەدەن، عەباس عیراقچی نوسیوێتی، ئەم هەنگاوەی ئەمریكا خاوشێوەی هەنگاوەكانی تر شكست دەهێنێت. دەشلێت، ئەم فیلمەش مەحكومە بە شكست.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو