حكومەتی ئەمریكا بەنیازە 850 ملیۆن دۆلار لەو چەند ملیار دۆلارە بدات كە قەرزاری نەتەوە یەكگرتووەكانە، ئەمەش گەورەترین بڕە پارەیە كە ئیدارەی ترەمپ لەدوای داواكاری چاكسازی، وەك گەورەترین بەخشەری ئەو ڕێكخراوە داویەتی بە ڕێكخراوەكە.
حكومەتی ئەمریكا كۆنگرێسی لەوە ئاگاداركردەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش پلانەكانی خستەڕوو بۆ گواستنەوەی 725 ملیۆن دۆلار لە پارە نەدراوەكان بۆ بودجەی ئاسایی نەتەوە یەكگرتووەكان و 125 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆپراسیۆنەكانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هایتی و كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ، بەپێی ئەو ئاگاداركردنەوە كە لەم مانگەدا بۆ یاسادانەران نێردراوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، ئەمریكا بە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار لە باجەكانی پەیوەست بە ئەندامبوونەكەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان قەرزدارە، لەوانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزاری بودجەی ئاسایی و سێ ملیار دۆلاریش بۆ ئۆپراسیۆنەكانی ئاشتیپارێزی.
ترەمپ لەگەڵ دەستبەكار بوونی بە ئاشكرا رەخنەی لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە گرت و ئاماژەی بەوەدا كە ڕێكخراوەكە نەگەیشتووەتە تەواوی تواناكانی. ئیدارەكەی لە ساڵی 2025دا هیچ پارەیەكی نەدا بە نەتەوە یەكگرتووەكان و لە چەندین دەزگای نەتەوە یەكگرتووەكان كشایەوە، لەوانە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و یونسكۆ و بودجەی بۆ دەیان دەزگای تر كەمكردەوە.