فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ئاشكرایكرد، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی گەمارۆكانی سەر ئێران لە مانگی تەممووزی رابردووەوە تاوەكو 21ی ئاب، سوپای ئەمریكا ئاراستەی 68 كەشتیی بازرگانیی گۆڕیوە.
لە راگەیەندراوەكەی سێنتكۆمدا هاتووە، لەو ماوەیەدا هێزەكانیان 3 كەشتییان راگرتووە و چووەنەتەسەر 2 كەشتیی تر. ئامانج لەم رێكارانەش بۆ دڵنیابوونەوەیە لە پابەندبوونی كەشتییەكان بە رێنمایی و فەرمانەكانی ئەمریكا."
هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە شكستیان هێنا. لە مانگەكانی نیسان و حوزەیرانی ئەمساڵدا، تاران و واشنتۆن دووجار گەیشتنە رێككەوتنی ئاگربەست بە ئامانجی گەڕانەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، بەڵام هەردوو رێككەوتنەكە بە خێرایی هەرەسیان هێنا.
لە 3ـی تەممووزی رابردووداو دوای شكستهێنانی هەوڵەكانی كۆتاییهێنان بە ململانێ شەش مانگییەكەی نێوانیان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێرانی دەستپێكردەوە و سنوورداركردنی توندی خستەسەر جووڵەی كەشتییەكانی ئەو وڵاتە.
ئامانجی سەرەكی واشنتۆن لە گەمارۆكە، بڕینی سەرچاوەی داهاتی نەوتی ئێرانە كە سەرچاوەی سەرەكیی دەستكەوتنی دراوی بیانییە. ئەو هەنگاوەش فشارە ئابوورییەكانی سەر ئێرانی زیاتر كردووە، بەتایبەت كە پێشتر ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرشە سەربازییەكانی ئەمریكاو ئیسرائیلەوە زیانی گەورەی بەركەوتووە.