كەشتییەكی بارهەڵگری توركیا لە نزیك بەندەری نۆڤۆرۆسیسك لە دەریای ڕەش رووبەڕووی هێرش بووەوە، لە ئەنجامدا كارمەندێك گیانی لەدەستدا و هەشتی دیكەش بریندار بوون.
كەشتیی "ئوراڵ" كە سەر بە كۆمپانیای كالیۆنجوی توركییە، شەوی رابردوو لە كاتێكدا سەرقاڵی گواستنەوەی بار بووە، كراوەتە ئامانج. ئەم كەشتییە پێشتر رۆڵێكی مرۆیی هەبووە و توانیویەتی 18 دەریاوان لە كەشتییەكی تر بە ناوی "نەجیبە" رزگار بكات، كە لەلایەن هێزەكانی ئۆكرایناوە پێكرابوو.
بەهۆی هێرشەكەوە كارمەندێكی كەشتییەكە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هەروەها هەشت كارمەندی تریش بریندار بوون كە ئێستا لەناو كەشتییەكەدا چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەكرێت.
سەرەڕای زیانەكان، كەشتیی "ئوراڵ" بەردەوامە لە رێڕەوەكەی و چاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە بگاتە بەندەری سامسۆن لە توركیا. باس لەوەش دەكرێت، تیمە تەندروستییەكان و فریاكەوتنی خێرا لە بەندەری سامسۆن لە ئامادەباشیدان بۆ گواستنەوەی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە.