حكومەتی عێراق فەرماندەییەكی نوێی بۆ چاودێریكردنی سنوورەكانی رۆژئاوای وڵاتەكەو سعودیە بەتایبەت پێكهێناوە. وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عیراقیش دەڵێت، ئامانج لێی رێگریكردنە لە بەئامانجكردنی وڵاتانی دراوسێ.
لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عیراق راگەیاند، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی (بادییە) پێكهێندراوە و رۆژی شەممە لە یەكەم رۆژی ئەركی خۆیاندا چوونە نزیك سنوورەكانی سعودیە و لەوێ جێگیربوون.
بە وتەی لیوا یەحیا چوونی ئەو فەرماندەییە بۆ دڵنیابوونە لە پاراستنی سنوورەكانی باشوور و رۆژئاوای وڵاتەكە و رێگریی لە هەر هەوڵێك بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ.وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عیراق راشیگەیاند، شوێنی جێگیربوونی فەرماندەییەكە ناوچەی نوگرە سەلمانە لە پارێزگای موسەننا.
ناوچەی نوگرە سەلمان لەنێو جەرگەی بیابانی سەماوەیە و سەر بە قەزای سەلمانە لە پارێزگای موسەننا. ئەو ناوچەیە نزیكەی 80 كیلۆمەتر لە هێڵی سنووری سعودیەوە دوورە.