رۆیتەرز: ئەمریكا داوای لە چین كردووە سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت

عیراق 10:06 AM - 2026/08/23

ئەمریكا بڕیاریداوە  لەم هەفتەیەدا كۆمەڵێك سزای نوێ كە بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە، بۆ رای گشتیی ئاشكرابكەن و داوا لە چینیش دەكات هەمان رێچكە بگرێتەبەر.بەڵام پەكین داواكەی واشنتۆن رەتدەكاتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە سكۆت بێنسێت وەزیری گەنجیەنی ئەمریكا لە رێوڕەسمێكدا زنجیرە سزا نوێیەكەی سەر ئێران رابگەیەنێت كە وەك ئەو وڵاتە بانگەشەی بۆ دەكات قورسترین سزایە لە مێژوودا بۆ سەر ئێران،

رۆیتەرز ئەوەشی خستووەتەڕوو وەزیری گەنجینەی ئەمریكا داوای لە چین كردووە، سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت كە یەكێكە لە هاوپەیمانە بازرگانییە بەهێزەكانی ئێران و كڕیاری زیاتر 80%ـی نەوتی ئێرانە.

بەڵام لین جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی داواكارییەكەی ئەمریكادا بۆ بەشداریكردن لە فشارە ئابورییەكان بۆ سەر ئێران،رەتكردەوە و  رایگەیاند سزادان و فشارەكان هیچ یارمەتییەك بۆ چارەسەركردنی ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادەن.

راشیگەیاند چین  دژی سزای تاكلایەنە و نایاساییە كە هیچ بنەمایەكیان لە یاسای نێودەوڵەتیدا نییە و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێگەی پێ نەداون.

رۆیتەرز ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئەمریكا چەندین كارتی فشاری بەهێزی بەدەستەوەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرامبەر ئێران بەكاریبهێنێت، تا ئەو وڵاتە ناچاربكات بە كردنەوەی گەرووی هورمز و رێككەوتن لەسەر مەرجەكانی ئەمریكا، دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمییەكەیەتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو