سبەینێ‌ لیژنەی تایبەت بە داماڵینی چەك لە توركیا دەست بە كارەكانی دەكات

عیراق 10:17 AM - 2026/08/23

رۆژی دووشەممە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا میوانداری كۆبوونەوەیەكی باڵا دەكات بۆ دەستپێكردنی كارەكانی لیژنەی سەرەتایی چەكداماڵین و بەسیاسیكردن كە لە یاسای چوارچێوە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد سەرچاوەی گرتووە.

 سبەینێ‌ دووشەممە  كۆبوونەوەكە لە بارەگای سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوەدەچێت، بە بەشداری نوێنەرانی وەزارەتەكانی داد، كاروباری دەرەوە، ناوخۆ و بەرگری، لەگەڵ لێپرسراوێتی ئەمینداریەتی گشتیی سەرۆكایەتی كۆمار، ڕێكخراوی هەواڵگری نیشتمانی  و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی.

بڕیارە لیژنەكە نوێنەری باڵای دامەزراوە حكومی و ئەمنی و سەربازییەكان لەخۆ بگرێت، لەوانە دادوەر یان داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد، دیپلۆماتكارێك بە پلەی باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوە، لێپرسراوێك  بە پلەی پارێزگار لە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها ئەفسەرێك بە پلەی عەمید یان عەقید لە وەزارەت لە بەرگری.

لای خۆیەوە پەروین بوڵدان، ئەندامی پەرلەمان لە پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆڵێكی سەرەكی و ڕاستەوخۆی هەیە لە لیژنەی داماڵینی چەك و بەسیاسیكردن ، وەك گەرەنتیكار و ڕێكخەری پرۆسەكانی گەڕانەوە و یەكگرتن.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی كاراكردنی بڕگە جێبەجێكارییەكانی یاسای چوارچێوەدا دێت، لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕێبازێكی دامەزراوەیی بە ئامانجی سەرپەرشتیكردنی هەڵوەشاندنەوەی پێكهاتەی چەكداری، و گواستنەوە بەرەو كردەی سیاسی ڕێكخراو لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو