هەرێمی كوردستان داوادەكات پشكی لەبودجەی عیراق بكرێتە 14.2%

کوردستان 10:32 AM - 2026/08/23

 هەرێمی كوردستان داوا دەكات پشكی لەبودجەی گشتیی عیراقدا لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێری، لە  سەدا 12 پۆینت 67 ەوە بكرێتە سەدا 14 پۆینت دوو .

بەپێی  زانیارییەكان، وەزارەتی دارایی عیراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ە، بۆیە لەم كاتەدا یەكگرتوویی كورد لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران گرنتییە بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و هەرێم داوا دەكات پشكی لە بودجەی گشتیی عیراقدا بۆ سەدا 14 پۆینت دوو لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێری بەرزبكرێتەوە
هەرێمی كوردستان داوای ناردنی پشكی ساڵانە لە بودجەدا دەكات تا لەپاڵ خەرجی بەكاربردن، خەرجی وەبەرهێنانیش مسۆگەر ببات، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لەناو داواكارییەكاندا جێگیر كراون، بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی سێ یەكەمەكان بەشێكی ترن لەو داوایانەی كار بۆ جێگیركردنیان لە بودجەدا دەكرێت.

وەزارەتی دارایی عیراق لەڕێگەی پێنج  لیژنەو بەهەماهەنگی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی سەرقاڵی ئامادەكردنی بودجەیەكی جیاوازە كە ناوی لێنراوە بودجەی پڕۆگرام، لە كاتێكدا عیراق ئەمساڵی بەبێ بودجە تێپەڕاندو لەسێ‌ ساڵی ڕابردوودا تەنیا یەك بودجەی هەبووە. چاوەڕوان دەكرێت لەمانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا پڕۆژەیاساكە بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران.

پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە كاتێكدا ئامادە دەكرێت كە لەبودجەی ساڵانی ڕابردوودا بڕگەی خەرجی ڕاستەقینە گەورەترین ڕێگربووە لە بەردەم ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان.
بەو هۆیەوە حكومەت و لایەنە كوردستانییەكان تەئكید لە لابردنی ئەو بڕگەیە دەكەنەوە تا ناردنی شایستە داراییەكان بە قەبارەی خەرجیی گشتیی حكومەتی فیدراڵییەوە نەبەسترێتەوە. لەبەرامبەردا هەرێمی كوردستان خشتەی وردەكارییەكانی لە 15 لاپەڕەدا ئامادەكردووە بۆ ئەوەی بەپێی دوایین سەرژمێری دانیشتووان، پشكی هەرێم بۆ سەدا 14 پۆینت دوو بەرزبكرێتەوە و مافە داراییەكان بەتەواوی مسۆگەر بكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو