وەزارەتی دادی عیراق هەڵمەتێكی دیپلۆماسی بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی ناو زیندانەكان دەستپێكردووە، ئەویش گیرانەوەی نزیكەی شەش هەزار زیندانیی بیانییە بۆ وڵاتەكانیان كە لە زیندانەكانی عیراقدان.
ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی دادی عیراق رایگەیاندووە، حكومەتی عیراق پلانێكی فراوانی بۆ گەڕاندنەوەی شەش هەزار زیندانیی بیانی بۆ وڵاتەكانیان دەستپێكردووە، كە خەڵكی 61 وڵاتی جیاوازی هەر حەوت كیشوەرەكەن. زۆرینەی ئەم زیندانیانە خەڵكی سووریان و ئێستا لە زیندانەكانی عیراق سزاكانیان بەسەر دەبەن.
باسی لەوەشكردووە،ئەم هەنگاوە دوای فشارێكی زۆر لەسەر ناوەندەكانی چاكسازی دێت و ئامانج لێی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و ڕێكخستنەوەی زیندانەكانە بەپێی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان.وردەكاریی پلانەكە بریتیە لە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانی بۆ گواستنەوەی زیندانییەكان، كە خەڵكی وڵاتانی وەك سوریا، مەغریب، ئەمریكا، كەنەدا، روسیا، تونس و توركیان.ئەو كەسانەی دەگوازرێنەوە، ماوەی سزاكەیان لە وڵاتەكەی خۆیان یان بەپێی رێككەوتنی دادی نێوان هەردوو وڵات تەواو دەكەن.
بە وتەی ئەحمەد لعێبی، تەرخانكردنی زیندانی كەرخ تەنیا بۆ بیانییەكان، فشاری زۆری خستووەتە سەر زیندانەكانی تر ، بۆیە گەڕاندنەوەیان باشترین چارەسەرە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە باشتركردنی دۆخی چاكسازییەكان و دابەشكردنی زیندانییە ناوخۆییەكان بە شێوەیەكی گونجاوتر. هەماهەنگییەكان لە ئاستێكی بەرزدان تا ئەو زیندانیانە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەردوو وڵات مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.